دوو هاوڵاتی کوردی دانیشتووی سنە بە ناوەکانی ” هێرش خوسرەوی” و “گۆران یوسێفی” لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراونەتەوە. هەروەها “بابەک دەبیریان”، چالاکوانی مەدەنیی کورد لە مانگێک پێش ئێستاوە دەستبەسەرکراوە و ئەمڕۆ لە دەستبەسەرگەی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان ڕەوانە کراوە.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی کە لە کاتی دەستبەسەرکرانی هێرش خوسرەوی و گۆران یوسێفییەوە بۆ ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانیاندا بە دەست نەگەیشتووە. هەروەها هیچ کامە لەو هاوڵاتیانە تا ئێستا ڕێگەیان پێنەدراوە چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت یان پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکەن.

هەروەها بپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە کرماشانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤ گەیشتوون، “بابەک دەبیریان“، چالاکوانی مەدەنیی کورد پاش ٢٩ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی سپای پاسدارانی کرماشان ئەمڕۆ بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای ئەو شارە گواستراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٣ی بەفرانبار / ١٢.٢٣ لە شەقامێکی شاری کرماشاندا دەستبەسەرکرابوو. هێزە ئەمنییەکان پاشان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی و دەستییان بەسەر کەلوپەلی شەخسییدا گرتبوو.