تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە “مۆژگان کاوسی“، نووسەری کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری نۆشەهرەوە مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتی لێ زەوتکراوە و دادگاکە سەرەڕای ئەوەی پێنج مانگ بەسەر دەرکردنی ئەو سزایە تێپەڕیوە، ئەو نووسەرەیە ئاگادارنەکردووەتەوە و خۆی بەڕێکەوت زانیویەتی.

مۆژگان کاوسی ئەمڕۆ ٣٠ی بەفرانبار / ٠١.٢٠، بە بڵاوکردنەوەی یاداشتێک لە لاپەری شەخسی ئینستاگرامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانەوە مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتی لێ زەوتکراوە و نووسیویەتی کە سەرەتاکانی بەفرانبار / کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٩، داوای لە دادگای شۆڕشی نەوشەهر کردووە ڕێگەی پێبدرێت دۆسییەکەی بخوێنەتەوە و پاشان زانیویەتی کە وا پێنج مانگە قەدەخەکراوە لە وڵات بچێتە دەرەوە.

لە نامەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ دادیار “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” و “بانگەشە لەدژی ئایین” وەک هۆکارەکانی دەرکردنی ئەو سزایە ڕاگەیەندراوە و دادوەریش لە نامەیەکدا بۆ داواکاری گشتیی وڵات داوایکردووە ئەو نووسەرە کوردە بۆ ماوەی شەش مانگ مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتی لێ زەوت بکرێت.

مۆژگان کاوسی لە بەردەوامی یاداشتەکەیدا تۆمەتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەتکردووەتەوە و نووسیویەتی کە ئەو ناوەندە ئەمنییە هیچ بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی بانگەشەکەی نەخستووەتە ڕوو.

ئەو نووسەرە کوردە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر / ١١.١٨ لە ماڵی خۆی لە شاری “نۆشەهر”ی باکوری ئێران دەستبەسەرکرا و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ساری. ناوبراو ڕۆژی ١٩ی سەرماوەز / ١٢.١٠ بۆ بەندیخانەی نۆشەهر گوازرایەوە و لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا / ١٢.١٢ پاش ئەوەی برایە دادگا بە دانانی بارمتە ئازادکرا.

ئەو نووسەرە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی نۆشەهرەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی حزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی” بە ٣٣ مانگ، “هاندان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٠ مانگ و “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ٦ مانگ بەندکران سزادرا. لە ئەگەری پەسندبوونی ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا، ٣٣ مانگ لەو سزایە بەپێی مادەیاسای کۆکردنەوەی سزاکان جێبەجێدەکرێت.