بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستان، چارەنووسی “زانیار ئەحمەدپور“، “ئەرشەد ئەتابەک” و “موسلم سولەیمانی“، سێ خوێندکاری زانکۆی کوردستان کە ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار / ٠١.١٥ لە شاری سنە لە چەند شوێنی جۆدا لە ڕێگای نێوان زانکۆ و بەشی ناوخۆ دەستبەسەرکراون، تا ئێستا نادیارە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردبوو کە زانیار ئەحمەدپور، خوێندکاری بەشی ئابوری، ئەرشەد ئەتابەک، بەرپرسی ناوەندی کولتوریی “ئەهورا”ی زانکۆ و خوێندکاری ماستەری ئەدەبیاتی عەرەب، و موسلم سولەیمانی، بەرپرسی ئەنجومەن ئیسلامی زانکۆ و خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی مکانیک بوون.

دەگوترێت کە ئەو خوێندکارانە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلاماردراون و بێڕێزییان پێکراوە.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ڕۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ی بەفرانبار / ١٣ و ١٤ی مانگی ١، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە خستنەوە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دابوو.

 بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨، فڕۆکەی بوئینگی ٧٣٧ی کۆمپانیای ئۆکراین شەش خولەک پاش فڕینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خومەینیی تارانەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا ١٦٩ سەرنشین و ٩ کارمەندی فڕۆکەکە گیانیان لە دەست دا.