بەگوێرەی زانیاریەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “مەحیەدین ئیبراهیمی”، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ دووەمین جار بە سێدارە سزا درا و ئەو سزایە ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨ لە بەندیخانەی ورمێ پێی ڕاگەیەندراوە. دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو بەندکراوە نزیکەی چوار مانگ پێش ئێستا بە تۆمەتی “بەغی( شەری چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی)” لە لقی دوو دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “عەلی شەیخلو” بەڕێوەچووبوو.

ئەو سزایە لە کاتێکدا دەرکراوە کە مەحیەدین ئیبراهیمی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی پاریشدا / ٢٠١٩.٠٨ هەر لەو لقەی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. پاشان ئەو بەندکراوە تانەی لە سزاکە دا و دۆسییەکە بەڕێکرا بۆ لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات. سزاکە لە ئەنجامدا بەهۆی “تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکان” هەڵوەشایەوە دیسانەوە گەڕیندرایەوە بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ.

مەحیەدین ئیراهیمی، تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی شاری شنۆیە، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦دا / ٢٠١٧.١١.٠٣ لە گوندێکی دەوروبەری ئەو شارە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بەرینداربوو و دەستبەسەرکرا. دواتر ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ کرا و بە تۆمەتی “ئەندامبوونی حزبێکی کوردستانی” لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و ئەشکەنجەدرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ خرایە ژێ چاودێریی پزیشکی و پێش کۆتایی هاتنی چارەسەرییەکانی دیسانەوە گەڕێندرایەوە بۆ دەستبەرەگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.٠٨.٢٠، لە لقی دووی دادگای شۆڕسی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “عەلی شەیخلو” لە کاتێکدا مافی دەست پێگەیشتن بە پارێزەری لێ زەوت کرابوو، دادگایی کرا و بە تۆمەتی “بەغی” بە سێدارە سزادرا. ئەو سزایە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری / ٢٠١٨.٠٩.٢٣ ئەو ساڵە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی پێشتر لە ساڵی ١٣٨٩ دا / ٢٠١٠ بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حزبێکی کوردستانی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش ١٤ مانگ ئازادکرابوو.

هەروەها برای ئەو بەندکراوە سیاسییە بە ناوی “نورەدین ئیبراهیمی” لە ساڵی ١٣٦٦ دا / ١٩٨٧ لەکاتی کۆڵبەریدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانیی سەر سنوور و کوژرا.