تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، “عەلی ئەحمەد سولەیمان”، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی باشوری کوردستان بە ناوی گواستنەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی تەبرێز براوەتە دەرەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە پێشتر پێی ڕاگەیەندرابوو لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەنداندا / ٠٢.٠٣، پاش کۆتایی هاتنی سزاکەی لە بەندیخانەی تەبرێز بۆ بەندیخانەی ورمێ دەگوازرێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە کۆی ئەو سزایانەی تا ئێستا بەسەر بەندکراوەدا سەپێندراون، ماوەی ١٧ مانگ بەندکران و دانی سزای دارایی (دیە) ماوەتەوە.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ٨٤ دا / ٢٠٠٥.١١.١٧، لە ناوچەی سنووریی تەرگەوەری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاشان لە دادگای شۆڕشی ئەو شارەدا بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە ٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی تەبرێز و هەروەها بە تۆمەتی “چوونەژوورەوەی نایاسایی بۆ ناوخۆی ئێران” بە ٦ مانگ بەندکران سزا درابوو.

هەر لەو کاتەدا دۆسییەکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپای پاسداران بۆ ئەو عەلی ئەحمەد سولەیمان کرایەوە، بەڵام ئەو دۆسییەیە پاش ماوەیەک ئەشکەنجەدان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو بەندکراوە داخرا. دۆسییەکە پاش ٦ ساڵ دیسانەوە کرایەوە لە ئەنجامدا لە ساڵی ٩٢ / ٢٠١٣ بە تۆمەتی “کوشتنی دوو ئەندامی سپا” لەلایەن لقی ١٢ی دادگای ورمێووە بە دوو جار سێدارە (قصاص) سزادرا.

لەبارەی ئەو دۆسییەوە پێویستە بگوترێت کە سزای سێدارە پاش وەرگەرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەکانی “کوژراوەکان” بە دانی سزای دارایی (دیە) گۆڕا. هەروەها سزای ٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران لەبەر ڕووی گشتیی تۆمەتی “کوشتن” بەسەریدا سەپێندرا کە لە ئێستادا ١٧ی ماوە کۆتایی بێت.

عەلی ئەحمەد سولەیمان سەرلەبەیانیی ١٥ی ڕێبەندان ساڵی ٩٣ / ٢٠١٥.٠٢.٠٤ پاش مانگرتنی ٣٣ ڕۆژەی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ بۆ بەندیخانەی تەبرێز ڕەوانە کرابوو و لەو کاتەوە بۆ ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵيکەی بکەوێت یان پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکات.