تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی بەفرانبار / ٠١.١٦،کۆڵبەرێکی کورد بەناوی “جەماڵ باڵەکی” بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی “تەتە”ی هەورامان برینداربووە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، جەماڵ باڵەکی پاش کەوتنە خوارەوە لەلایەن کۆڵبەرەکانی دیکەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری مەریوان گواستراوەتەوە.

تەتەی هەورامان یەک لە بەرزترین ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵانە بەفرێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەران لەو ناوچەیەدا بوونەتە قوربانی. لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزدا / ٢٠١٩.١٢، هەر لەم ناوچەیە دوو کۆڵبەری مێرمنداڵ بەناوەکانی “ئازاد خوسرەوی“، تەمەن ١٨ ساڵ و “فەرهاد خوسرەوی“، تەمەن ١٤ ساڵان بەهۆی سەرماوە گیانیان لە دەستدا.

بە گوێرەی ئامارێکی رەسمی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانە لە ئێراندا. هەر بۆیەش خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیانیان روو لە پیشەی کۆڵبەری و کاسبکاری دەکەن و ساڵانەش بەم هۆیەوە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە بیانوی ئەوەیکە کاڵای نایاسایی دەگوازنەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژیی گولـلە و دەبنە قوربانی.