سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە سنە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “لەیلا تیرئەندەری، چالاکوانی مەدەنی کە لە رۆژی ٧ی بەفرنبارەوە / ١٢.٢٨ دەستبەسەر کراوە و دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن، هێشتا لە مانگرتندایە. ناوبراو لەم ماوەدا فشاری خوێن و کێشی جەستەی دابەزیوە. هەروەها بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئارمان وەفاییی هاوسەریشی جارێکی دیکە درێژکراوەتەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لەیلا تیرئەندەری لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە کە مانگرتنەکەی دەست پێکردووە دەرمانە چارەسەرییەکانی بەکارنەهێناوە، ئەوەش وایکردووە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرتر بێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە پێش دەستبەسەرکرانی نەشتەرگەریی گورچیلەی بۆ کرابوو.

ناوبراو لەو ماوەیەدا بەڕۆژدا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەبرێت بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بە شەودا دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە.

لەیلە تیرئەندەری، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی ڕۆژی ٧ی بەفرانبار / ١٢.٢٨ بانگ کرا بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و پاشان دەستبەسەر کرا.

ئارمان وەفایی هاوسەریشی لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزەوە / ١٢.١٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.