بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ، “پەرویز ناسری“، یەک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەر دژ بە بەرزبوونەوەی کوتوپڕی نرخی بەنزین، لەلایەن لقی دوو دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادراوە.

ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی بەفرانبار / ٠١.١٦، سزای سەرەتایی بە پارێزەری پەرویز ناسری ڕاگەیەندراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دانیشتنی دادگایی ئەو هاوڵاتییە کوردە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکەی لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “عەلی شەیخلو” بەڕێوەچووبوو.

پاش ئەوەی، پارێزەری پەرویز ناسری بە دادگای ڕاگەیاندووە پێشوەخت سەبارەت بە ڕێکەوتی بەڕێووەچوونی دادگا ئاگادارنەکراوەتەوە، دادوەر شێخلو بەڵێنی داوە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە دانیشتنی دادگا بەڕێوەبچێتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنە، ڕۆژی ڕابردوو سزای سەرەتایی بریگرتەکەی ڕاگەیەندراوە.

پەرویز ناسری لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەردا / ٢٠١٩.١٢ لەمیانەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دژ بە بەرزبوونەوەی کوتوپڕی نرخی بەنزین لە ورمێ دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزەوە / ١٢.١٩ پاش کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترابووەوە.