دوو سەرچاوە لە شارەکانی سەقز و سنە لە لێدوانەکانیاندا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسیان لە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی “ئاروین مورەتەب” و “ئایدا فەرزانە” لە سنە و “ڕزگار ڕەحیمی” و کوڕەکەی “ژێوان ڕەحیمی” لە سەقز کرد.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا ئاماژەی بە ئامادەبوونی هەزاران هاوڵاتی خەڵکی سنە لەو رێورەسمەکەدا دا و گوتی: “سەرەڕای فشار و هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئاروین مورەتەب و ئایدا فەرزانە بۆ بە خاک سپاردنی تەرمی ڕۆڵەکانیان بە ئاڵای کۆماری ئیسلامییەوە و لە بەشی شەهیدەکانی حکومەت، ئەو بنەماڵانە ڕەتیان کردەوە کە ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە سەر تەرمەکان دابنن و بەپێچەوانەی داواکاریی ناوەندە ئەمنییەکان تەرمەکانیان لە بەهەشتی محەمەدی سنە بە خاک سپارد”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنی لە مەراسیمەکەدا، بەشداربووان دروشمی دژ بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و سرودی “ئەی شەهیدان”یان گوتەوە و بەو شێوەیە دژ بە حکومەت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردبوو کە تەرمی ئاروین مورەتەب و ئایدا فەرزانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە کردووە کە مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمەکان بە نهێنی و تەنیا بە ئامادەبوونی کەسوکاری نزیکی خۆیان بەڕێوەببەن.

هاوکات بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەقزەوە بە تۆڕ گەیشتوون، ئەمڕۆ تەرمی “ڕزگار ڕەحیمی” و کوڕەکەی “ژیوان ڕەحیمی” بە ئامادەبوونی دەیان هاوڵاتی سەقزی لە کەشێکی زۆر توندی ئەمنی بە خاک سپێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە، تەرمی “فەریدە غولامی”، هاوسەری دووگیانی ڕزگار ڕەحیمی ڕادەستی بنەماڵەکەی لە شاباد کراوەتەوە.

ڕۆژی ڕابردووش پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری مهاباد هەوڵیان دابوو ئاڵای کۆماری ئیسلامی بەسەر تابوتی پێنج گیانبەختکردووی دیکەی ئەو ڕووداوەدا بدەن، لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕێگرییان لێکرا و ئاڵاکان لە تابوتەکان کرانەوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨، فڕۆکەی بوئینگی ٧٣٧ی کۆمپانیای ئۆکراین شەش خولەک پاش فڕینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خومەینیی تارانەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا ١٦٩ سەرنشین و ٩ کارمەندی فڕۆکەکە گیانیان لە دەست دا.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/769533826900832/