تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار / ٠١.١٤، “وریا فەرەجی” هاوڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی “نێ”ی سەربە مەریوان بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە.

ئەو هاوڵاتیە کوردە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی پاردا / ٢٠١٩.٠٣ بە تۆمەتی “ئەندامبوونی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. پاشان تانەی لەو سزایە دا و دۆسییەکەی نێردرا بۆ دادگای پێداچوونەوەی سنە. ئەو دادگایە لە ئەنجامدا سزای ئەو هاوڵاتییە کوردەی بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کردەوە.

وریا فەرەجی ڕۆژی ٢٠ی پوشپەڕی ساڵی پار / ٢٠١٨.٠٧.١١ لەگەڵ هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی “هۆشیار کەسرایی” دەستبەسەرکرا و  پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەڕێکرا.

ناوبراو سەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژدا / ٢٠١٨.٠٨.١٦ پاش ئەوەی ٣٤ ڕۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا بە دانانی بارمتەی ١٢٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.