سەرچاوە جیاوازەکان لە شارەکانی مهاباد، سنە و سەقز لە چەند لێدواندا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسیان لەوە کرد کە ناوەندە ئەمنیەکان و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی گۆشار دەخەنە سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکە ئۆکراینیەکە و بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکان سێ مەرجیان بۆ ئەو بنەماڵانە داناوە، ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە کردووە کە تەنیا کاتێک تەرمەکانیان ڕادەست دەکرێتەوە کە “تەرمەکان بە ئامبولانسی فەرمی حکومەت بۆ ئەو شارانە بنێردرێنەوە، ئاڵای کۆماری ئیسلامی بەسەر تابوتەکاندا بدرێت و لە بەشی تایبەت بە شەهیدەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەخاک بسپێردرێن”.

سەرچاوەیەک لە مهاباد بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئامبولانسەکان تەرمی ٥ گیانبەختکردووی فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان گەیاندەوە مهاباد و بەرپرسانی ڕادەستکردنی تەرمەکان هەوڵیاندا مەرجەکان بیر بنەماڵەی گیانبەختکردووان بخەنەوە، بەڵام بنەماڵەکان ڕەتیان کردەوە کە تەرمەکان لە بەشی شەهیدەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەخاک بسپێرن و لە گۆڕستانی فیردۆسی مهاباد بەخاکیان سپاردن”.

هەروەها لەو ڤیدیۆیانەی بەتایبەت بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراون دەبیندرێت کە ئەو بنەماڵانە لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر تابوتەکان لادەبەن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٥ی بەفرانبار / ٠١.١٥، تەرمی “هیوا مەولانی”، “کوردیا مەولانی”، “ئەوین ئەرسەلانی”، “فاتمە (سروە) پەساوەند” و “عایشە (سنور) پورقادری” لە گۆڕستانی فیردۆسی مهاباد بەخاک سپێردران. هەروەها دەگوترێت کە لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمەکاندا ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان ئامادەبوون و چاودێریی جەماوەری خەڵکیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی تۆڕ لە سنە ڕایانگەیاند کە تەرمی “ئاروین مورەتەب” و “ئایدا فەرزانە” سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە. هاوکات ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە کردووە وکە مەراسیمی بەخاک سپاردنی ڕۆڵەکانیان بە ئامادەبوونی کەسوکارە نزیکەکانیانەوە بەڕێوەبچێت و داوا لە خەڵکی دیکە نەکرێت لەو مەراسیمەدا بەشداری بکەن.

سەرچاوەیەکی دیکەش لە سقز لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵی فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی پشتڕاستکردەوە و گوتی کە ئەمڕۆ تەرمی “ڕزگار ڕەحیمی” و کوڕەکەی “ژیوان ڕەحیمی” دراوەتەوە بنەماڵەکەیان.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “فەریدە غولامی”، هاوسەری دووگیانی ڕزگار ڕەحیمیش گیانبەختکردووەیەکی دیکەی ئەو فڕۆکەیە بوو، بەڵام تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بانگەشەکانی دەزگا ڕاگەیەندەکانی نزیک بە سپای پاسداران لەبارە پێشوازیی بنەماڵەی گیانبەختکردووان لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەو بنەماڵانە قسەی کرد.ئەو بنەماڵانە تێکرا ئەو بانگەشەیەیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە نەک هیچ پێشوازییەکیان لە فەرماندەکانی سپای پاسداران نەکردووە بەڵکو تاوەکو ئێستا هەموو داواکارییەکانی ئەو فەرماندانەیان بۆ سەردانی ماڵەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨، فڕۆکەی بوئینگی ٧٣٧ی کۆمپانیای ئۆکراین شەش خولەک پاش فڕینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خومەینیی تارانەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا ١٦٩ سەرنشین و ٩ کارمەندی فڕۆکەکە گیانیان لە دەست دا.