تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی بەفرانبار / ٠١.١٤، “سیروس عەباسی” و هاوژینی “فەریدە وەیسی”، دوو چالاکوانی مەدەنیی کوردی دانیشتووی شاری دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیان لە خوێندنگای “زانست” دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، “ئازاد عەباسی”، برای سیروس عەباسی و چالاکوانی ژینگەپارێزیشیان کە بۆ بەدواداچوونی دەستبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکوانە مەدەنییە سەردانی ئێدارەی ئێتلاعاتی ئەو شارەی کردووە، دەستبەسەرکراوە و لە چارەنووسی ئەویش زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری و ناوەندنی بەرپرسی دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانانە لە بەر دەستدا نییە.

سیروس عەباسی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٨.٠٩، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە “عەلی خامنەیی”، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی دێولانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش چوار ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.