تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی بەفرانبار / ٠١.١٢، “کەیوان موکەرەمی“، هاوڵاتیی کورد بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران ڕەوانە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە.

ئەو هاوڵاتییە کوردە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر شەیخلو” بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازاد کوردستان (پژاک)” بە ساڵێک بەندکران سزادرابوو.

کەیوان موکەرەمی لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ / ٢٠١٩.٠٧.٠٨ لەگەڵ “سابیر کەمانی” و “کامران کەمانی” لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە گوندی “ئەنبێ”ی سەربە ورمێ دەستبەسەرکرابوو.

ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە هەرسێکیان جوتیار بوو و زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی بڕیارگەی ٨١ی ڕەمەزانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرابوو و پاشان ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرابوون.

کەیوان موکەرەمی سەرەنجام دوو مانگ پێش ئێستا بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

دانیشتنی دادگای سابیر کەمانی و کامران کەمانی لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵ / ٢٠١٩.٠٩.٠٣ بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” لە لقی دوو دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوەچووبوو و هەر کامەیان بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرابوون. ئەو دوو هاوڵاتییە لە ئێستادا لە بەندیخانەی ورمێدا ماوەی بەندکرانەکەیان تێپەڕدەکەن.