تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە لە سەرەتاکانی مانگی بەفرانبار / کۆتاییەکانی مانگی ١٢ی ساڵی پار، کۆماری ئیسلامی ئێران هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی تورکیا بە ناوی “نەسرین مالغاچ”ی پاش ١٠ مانگ دەستبەسەرکران ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کردووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، ئەو هاوڵاتییە کوردە لە کاتێکدا لە دەروازەی سنووریی بازرگان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کراوە کە ئاسەواری ئەشکەنجە بە شۆکی کارەبایی بەسەر جەستەیەوە دیار بووە. ناوباراو پاشان بۆ شاری بایەزید و دواتر بۆ بەندیخانەی شاری مێردینی باکووری کوردستان گواستراوەتەوە.

ئەو هاوڵایتتە کوردە تەمەن ١٩ ساڵە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی پار / ٢٠١٩.٠٣ بەتۆمەتی “ئەندامبوونی حزبێکی کوردستانی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرابوو و بۆ ماوەی ١٠ مانگ لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنانی)ی ئەو شارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و ئەشکەنجەدراوە.

هێزە ئەمنییەکان لو ماوەیەدا نەسرین مالغاچیان بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێذانانی زۆرەملی ئەشکەنجە داوە و تەنانەت هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسیشیان لێکردووە. ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ساڵی پاردا / ٢٠١٩.٠٩ لە بەندیخانەی ژنانی سنەدا هەوڵی خۆکوشتنی دابوو بەڵام بەندکراوەکانی دیکە ڕێگرییان لێکردبوو.

نەسرین مالغاچ لەماوەی ١٠ مانگ دەستبەسەرکرانیدا چەندین جار لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕەوانەکرابوو و ئەشکەنجەدرابوو. هێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی ئەکاونتێکی تەلەگرامییەوە پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردبوو و پێیان گوتوبوون قەناعەت بە کچەکەکیان بکەن هاوکاری وەزارەتی ئیتلاعات بکات.

هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدانی دانپێذانانی تەلەفزیۆنیی وەک مەرجی پەیوەندیی ئەو هاوڵاتییە بە بنەماڵەکەیەوە ڕاگەیاندنوو و هەر بەو شێوەیەش چەندین جار بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانەوە و لەڕێگای ئەکاونتێکی ئینستاگرامی بەناوی Ali_Ararat2001 توانیبووی بەزمانی تورکی قسە لەگەڵ بنەماڵەکەی بکات و داوایان لێبکات بچنە سنە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی بکەن.