بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ١٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨، “ئارام فەتحی“، چالاکوانی مەدەنیی کورد پاش ٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار / ٠١.٠٤ پاش ئەوەی سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کردبوو دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ڕابردوو برابووە دادگای مەریوان، بەڵام دانیشتنی دادگاکە بەهۆی کۆتاییهاتنی کاتی کاری ئیداری بۆ ئەمڕۆ دواخرابووەوە.

ئارام فەتحی، شاعیرە، پێشتر لە زانکۆی “پەیامی نور”ی مەریوان چالاکوانی خوێندکاری بووە و لە ئێستادا ئەندامی چالاکی ڕێکخراەکانی “مەولەوی”، “ڤەژین” و ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوانە.

ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا / ٢٠١٨.١٠، ئیدارەی پاسپۆرتی سنە بەهۆی فشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکانەوە پاسپۆرتی ئەو چالاکوانە کوردەی بەتاڵ کردبووەوە.