سەرچاوەیەک ئاگادار سەبارەت بە دۆخی “پەریسا سەیفی“، چالاکوانی کولتوریی کورد کە لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەرەوە / ١١.١٢ لە سنە دەستبەسەرکراوە، لە لێدوانێکدا  بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ناوبراو بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملیی کرد.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی پەریسا سەیفی لەکاتی دەستبەسەرکرانی کچەکەیانەوە تاوەکو ئێستا تەنیا جارێک ڕێگەیان پێدراوە بۆ ماوەی چەند خولەکێک چاویان پێی بکەوێت و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیشی لە ١٥ ڕۆژ پێش ئێستاوە قەدەغەکراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەو الاکوانە کولتورییەکان گوتووە تەنیا کاتێک ڕێگەیان پێدەدرێت چاویان بە کچەکەیان بکەوێت قەناعەتی پێبکەن وتەی زۆرەملیی بدات”.

ئەو چالاکوانە کولتورییە لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستتا  بە ڕۆژدا لە دەستبەسەرگەی شارام فەری ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و بە شەویشدا بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە دەگواسترێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لەکۆتاییدا زیادیکرد کە هێزە ئەمنییەکان تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەک لە حزبە کوردستانییەکان” بەو چالاکوانە کولتورییە هەڵبەستووە و بڕیاری دەستبەسەرکرانی تا ئێستا سێ جار بۆ ماوەی ٢٠، ١٥ و ١٠ ڕۆژ درێژکراوەتەوە.