بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “حوسێن کەمانگەر“، چالاکوانی مەدەنیی کورد لەو کاتەوەی لەناکاو بۆ بەندیخانەی سنە گواستراوەتەوە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لێزەوتکراوە. ناوبراو ڕۆژی ٧ی بەفرانبارەوە / ١٢.٢٨ لە بەندیخانەی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی سنە ڕەوانەکراوە.

دوایی سەردانی بنەماڵەی حوسێن کەمانگەر بۆ دادگای سنە، ئەو دادگایە ڕایگەیاندووە کە دۆسییەکەی بەهۆی تەواونەبوونییەوە جارێکی دیکە نێردراوە بۆ دادگای کامێران. لەلایەی دیکەوە بەرپرسانی دادگای کامێران وتوویانە کە ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە سەر فەرمانی بەرپرسە ئەمنی و دادوەرییەکان ماوێکی دی بۆ یەکێک لە بەندیخانەیەکی پارێزگای تاران روانە دەکرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرایکردبوو کە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و کامێران هەوڵدەدەن تۆمەتی “بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوونی یەک لە حزبە کوردستانییەکان”ی پێ هەڵبەستن و سزای “سێدارە”ی بەسەردا بسەپێنن.

حوسێن کەمانگەر لە مانگی بەفرانباری ساڵی پاردا / ٢٠١٩.٠١، هاوکات بە دەستپێکردنی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکوانانی مەدەنی و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامێران دەستبەسەرکرا.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە پاش دەستبەسەرکرانییەوە بۆ ماوەی چەند مانگ ڕێگەی پێنەدرا چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکات. پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی وردستانی گوتبوو کە ئیدارەی ئیتلاعات ئەو فشارانە بە مەبەستی وەرگرتنی وتەی زۆرەملی و دانپێدانانی تەلەفزیۆنی دەخاتە سەر حوسێن کەمانگەر.

 هەر لەو ماویەەدا “نەسرین نەقدی” و “ناهید کەمانگەر”، هاوسەر و کچی ئەو چالاکوانە مەدەنییە کوردە چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێرانەوە بانگ کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.

حوسێن کەمانگەر لە کۆتاییەکانی مانگی پوشپەڕ / ٢٠١٩.٠٧ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە نادیاربوونی چارەنووسی و بێبەشکرانی لە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە  دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و لە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژدا / ٠٨.١١ پاش ئەوەی رێگەی پێدرا پەیوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات مانگرتنەکەی شکاند.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ / دا “بورهان کەمانگەر”، خوشکەزای حوسێن کەمانگەر و ئەندامێکی گروپئ میوزیکی “کۆرال”یان دەستبەسەرکرد، بورهان کەمانگەر ڕۆژی ٢٠ی ڕزەبەر / بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی کامێران ئازادکرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەردا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنەوە بە سەرکایەتی “دادوەر سەعیدی” بە تۆمەتی ” ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

حوسێن کەمانگەر لە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ / ٢٠١٩.٠٨.١٠دا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پاش بەڕێکرانی بۆ بەندیخانە، چەندین جار دیکە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گوازراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە،

ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر / ٢٠١٩.١٠.١٥ سەرەڕای دابین کردنی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بەمەبەستیی ئازادیی کاتیی حوسێن کەمانگەر و جێبەجێکرانی هەموو قۆناغە ئیدارییەکانی لە دادگای گشتی و شۆڕشی کامێران بەڵام بە دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ئازادبوونی ڕێگریکرا.