گەنجێکی کورد بەناوی “فەرید پەژوهی” لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی پارەوە / ٢٠١٧.١٠ لە مەریوان بێ سەروشوێن کراوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە. سەرەڕای ئەوەی ناوەندە ئەمنییەکان سەرەتا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو هاوڵاتییەیان دەستبەسەرکردووە، بەڵام پاشان ڕەتیان کردووەتەوە.

فەرید پەژووهی لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٣ / ١٩٩٤ە و لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا خوێندکاری قۆناغی کۆتایی ئەندازیاریی مەدەنیی لە زانکۆی ئازادی مەریوان بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “فەرید پەژوهی لە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.١٠.٢٩، لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی (بەناوەکانی زانیار و ئارمان) لە دەرەوە بووە. زانیار دەڵێت فەریدی لە سێ ڕێیانی بەهاران دابەزاندووە و ماڵئاوایی لێکردووە. لەو شەوەوە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی فەرید لە بەردەستدا نییە”.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی کە بنەماڵەی پەژوهی پاش چەند ڕۆژێک سەردانی ئیدارەی ئاگاهیی مەریوانیان کردووە و داوایان کردووە بەدوای کوڕەکەیان دا بگەڕێن. سەرەڕای ئەوەی گەڕانەکان بۆ دۆزینەوەی فەرید پەژووهی نەگەیشتە ئەنجام، بەڵام لەڕێگەی بەدوداچوون بۆ لۆکەیشنی مۆبایلەکەی دەرکەوت کە دوایین جار لە مەیدانی سپای مەریوان هەڵکراو بووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لەو مەیدانەیە و هەر ئەوەش گومانەکانی بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابێت زیاتر لە ڕاستی نزیک دەکاتەوە.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی پەژوهی پاش چەند ڕۆژێک سەردانی ماڵی ئیمام جومعەی مەریوانیان کردووە و داوایان لێکردووە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی کوڕەکەیان بکات. ئیمام جومعە پەیوەندی تەلەفۆنیی بە بەڕێز خەیرخاه، بەڕێوبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە کردووە و ئەویش پشتڕاستی کردووەتەوە کە فەرید پەژووهی لەلایەن هێزەکانی ئەوانەوە دەستبەسەرکراوە و پاشان بەڕێکراوە بۆ سنە.

بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییە کوردە پاش دانپێدانانی بەڕێوبەری ئیدارەی ئیتلاعات بۆ دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیان بەرەوە سنە بەڕێکەوتوون و سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان کردووە، بەڵام ئەو ناوەندانە ڕەتیان کردووەتەوە کە کەسێک بەو ناسنامەیەوە لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەرکرابێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی: “بنەماڵەی جارێکی دیکە سەردانی ئیدارەی ئاگاهی مەریوانیان کرد و داوای بەدواداچوونیان لێکردن. عەتا نادری، بەڕێوبەری ئەو ئیدارەیە پاش ماوەیەک دڵنیای کردوونەتەوە کە کوڕەکەیان زیندووە بەڵام بۆیان نییە بەدواداچوونی زیاتر بکەن چونکە دۆسییەکەی ئەمنییە”.

ئەو بنەماڵەیە پاش چەند مانگێک دیسانەوە چوونەتە ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی سنە و سکاڵایەکیان دژی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان تۆمارکردووە، بەڵام ئەو سکاڵایە تا ئێستا هیچ بەدواداچوونێکی بۆ نەکراوە. لەگەڵ ئەوەی ناوەندە ئەمنییەکان سەرەتا دەستبەسەرکرانی فەرید پەژوهیان پشتڕاستکردووەتەوە بەڵام پاشان دیسانەوە ڕەتیان کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا گوتی کە چەند مانگێک پاش بێ سەروشوێن کرانی فەرید پەژوهی، هاوڵاتییەکی مەریوانی کە ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەر بووە پەیوەندیی بە براکانی فەریدەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە براکەیان لە ژوورێکی تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدایە و توانیویەتی قسەئ لەگەڵدا بکات.

لە ئێستادا ماوەی ساڵێک و ٢ مانگ و ١٠ ڕۆژە کە فەرید پەژوهی دەستبەسەرکراوە، لەگەڵ ئەوەدا نەک تەنیا سکاڵای بنەماڵەکەی بەدوداچوونی بۆ نەکراوە، بەڵکو هیچ کامە لە ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوان و پارێزگای سنە بەرپرسیارێتیی دەستبەسەرکرانی ئەو هاوڵاتییەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.