تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٧ی بەفرانبار / ٠١.٠٧، “ئارام فەتحی“، چالاکوانی مەدەنی کورد پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئتلاعاتی سپای مەریوان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، گواستراوەتەوە بۆ دادگای ئەو شارە و بەهۆی کۆتاییهاتنی کاتی کاری ئیداری ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان کراوە.

ئەو چالاکوانە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار / ٠١.٠٤ پاش ئەوەی سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کردبوو دەستبەسەرکرابوو و بەڕێکرابوو بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە.

ئارام فەتحی، شاعیرە، پێشتر لە زانکۆی “پەیامی نور”ی مەریوان چالاکوانی خوێندکاری بووە و لە ئێستادا ئەندامی چالاکی ڕێکخراەکانی “مەولەوی”، “ڤەژین” و ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوانە.

ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا / ٢٠١٨.١٠، ئیدارەی پاسپۆرتی سنە بەهۆی فشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکانەوە پاسپۆرتی ئەو چالاکوانە کوردەی بەتاڵ کردبووەوە.