بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی بەفرانبار / ٠١.٠٥، “خزر بینەوا“، کۆڵبەری برینداری خەڵکی گوندی “کۆڕبناو”ی سەردەشت پاش ١٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری مهاباد بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانبار / ١٢.٢٧ لەگەڵ پۆلێک کۆڵبەر بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتبوون کە لەناوچەی سنووریی “کانی سێو” لەلایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامییەوە درابوونە بەر دەستڕێژی گولـلە. لە ئەنجامدا “خزر بینەوا” بریندار بوبوو و “محەمەد ڕەشیدزادە” گیانی لە دەستدابوو.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ڕەشیدزادە پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتبووی کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور پاش ئەوەی تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە، ڕایان کردووە و ئەو دوو کۆ:بەەیان بەبرینداری بەجێهێشتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا بڵاوکردووەتەوە. بەگوێڕەی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٧٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەلایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکان و ڕێگا مەترسیدارەکانەوە گیانیان لەدەست داوە. و ١٦٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.