پاریس،٥ی ی کانونی دووه‌م , ٢٠٢٠ – بەگوێرەی ئەو ئامارانە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٧٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەلایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکان و ڕێگا مەترسیدارەکانەوە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لەو ساڵەدا ١٦٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئامارەکان، ٥٧ لەو کۆڵبەر و کاسبکارانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی پاسەوانیی سەر سنوور دا کوژراون و ٢٢ کەسی دیکەش بەهۆی ڕووداوی وەکو بەربوونەوە لەسەر بەرزاییەکان، هەرەسی بەفر، ڕووداوی هاتووچۆ لەکاتی ڕاونران لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە و تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە.

سێ کۆڵبەری مێرمنداڵی مەریوانی بە ناوەکانی ئیسماعیل ساوجی‌نەژاد، تەمەن ١٦ ساڵ (لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی گولە لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە) و ئازاد خۆسرەوی تەمەن ١٧ ساڵ و فەرهاد خۆسرەوی تەمەن ١٤ ساڵان (بە هۆی بەفر و سەرماوە) لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

سەبارەت بە بریندارەکانیش پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە ١٥٤ کەس بەهۆی دەستڕێژیی گولـلەی هێزە سەربازییەکان و هێزەکانی پاسەوانیی سەر سنوور و ١١ی دیکەش بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە برینداربوون.

ڕێبین ڕەحمانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەم شێەوەیە بۆچوونی خۆی سەبارەت بەو ئامارانە دەربڕی: “کوشتاری سیستمانەی کۆڵبەرە کوردەکان هەر وەک ساڵانی ڕابردوو بەردەوامیی هەیە و سەرەڕای هەموو فشارەکانی ڕایگشتی لە کوردستان و ئێران و داواکارییەکان بۆ وەستاندنی ئەو کوشتارانە و دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرییەک بۆ پرسی کۆڵبەری، هەروەها وێڕای ئاماری سەرسووڕهێنەری بێکاری لەو ناوچانە و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵئاوسانی ئابوری، کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ خستنەڕووی هیچ ڕێگاچارەسەرییەک بەردەوامی دەدات بە کوشتاری کۆڵبەران”.

بەبۆچوونی ڕێبین ڕەحمانی، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا سەبارەت بە پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و ئابورییەکانی کوردستان تێڕوانینێکی ئەمنیی هەبووە، هەر بەو شێوەیەش دەڕوانێتە پرسی کۆڵبەری، لەکاتێکدا پرسێکی ئابوری-کۆمەڵایەتیە بە دابین کردنی دەرفەتی کارکردن بۆ هاوڵاتییانی کوردستان چارەسەردەکرێت. ڕەحمانی لە درێژەی قسەکانیدا بەئامانج گرتنی کۆڵبەرانی (کە لە ڕووی ناچارییەوە و بەمەبستی دابینکردنی بژیوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو کارە)، وەک توندوتیژییەکی پلان بۆ دارێژڕاو لەلایەن دەوڵەتەوە ناوزەد کرد و بە نیشانەیەکی نابەرپرسیاربوونی دەوڵەت لەپێناو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی زانی.

کوشتاری سیستمانەی کۆڵبەران لەکاتێکدا ڕوودەدات کە هەفتەی ڕابردوو نوێنەری خەڵکی سەردەشت و پیرانشار لە ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامیی ئێران دانی بەوەدا نا کە تەنها لە سەتا نیوی قاچاخی ئێران لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوەیە و لە سەتا ٩٥ و نیوی دیکەی لە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانەوە و بە کۆنتینەر هاوردەی وڵات دەکرێن، بەڵام دەوڵەت لەجیاتی وەستاندنی “قاچاخچییە گەورەکان” ڕووبەڕووی کۆڵبەرەکان دەبێتەوە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نابەرپرسیاربوونی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەدواداچوونی یاسایی دۆسییەی کۆڵبەرە کوژراوەکان و ناساندن و سزادانی بکوژەکان و هەروەها پەسندنەکردنی یاسایەک بۆ پشتگیریکردنی کۆڵبەرەکان و ڕێگریکردن لە هێزە سەربازییەکانی بە دووان لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی کوشتاری کۆڵبەرەکان ناو نا و لە بەردەوامیدا گوتی: “لە ساڵی ڕابردوودا هێزە سەربازییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی و سەردەشت لانیکەم سێ جار پاش تەقەکردن و بریندارکردنی کۆڵبەرەکان ڕایان کردووە و بە برینداری بەجێیان هێشتوون. ئەو کۆڵبەرانە بەهۆی ڕەوانەنەکران بۆ نەخۆشخانە پاش چەند کاتژمێر خوێنبەربوون گیانیان لە دەست داوە”.