تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە شەوی ڕابردوو ١٣ی بەفرانبار / ٠١.٠٣، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان بەمەبەستی دەستبەسەرکردن هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “ئارام فەتحی”، بڵام بەو هۆیەوەی کە لە ماڵ نەبووە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن.

بەیانی ئەمرۆ ئارام فەتحی پاش ئاگاداربووەنەوە سەبارەت بەو کردەوەیەی هێزە ئەمنییەکان، خۆی سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوانی کردووە، بەڵام ئەو هێزانە دەستبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئارام فەتحی، شاعیرە و پێشتر لە زانکۆی “پەیامی نور”ی مەریوان چالاکوانی خوێندکاری بووە و لە ئێستادا ئەندامی چالاکی ڕێکخراەکانی “مەولەوی”، “ڤەژین” و ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوانە. ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردووەدا چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.