بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار / ٢٠٢٠.٠١.٠١، ئەندامانی بنەماڵەی “لەیلا تیرئەندەری” و “ئارمان وەفایی“، دوو چالاکوانی دەستبەسەرکراوی کورد، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ ئاگایی سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆڵەکانیان، لە بەر دەم دەزگای هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گردبوونەوە.

چەند کاتژمێرێک پاش دەستپێکردنی ئەو گردبوونەوەیە، هێزەکانی پۆلیس بەشداربووانیان گەمارۆداوە و هەڕەشەیان لێکردوون کۆتایی بە گردبوونەوەکە بێنن. هەروەها هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە خۆپیشاندەرەکانیان گوتووە ئەگەر کۆتایی بە گردبوونەوەکە بێنن ڕێگە بەو دوو چالاکوانە دەستبەسەرکراوە دەدرێت پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.

سەرەڕای بەڵێنی هێزە ئەمنییەکان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کامە لەو دوو چالاکوانە مەدەنەییە کوردە پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیانەوە نەکردووە.

لەیل تیرئەندەری، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی ڕۆژی ٧ی بەفرانبار / ١٢.٢٨، بانگراوە بۆ دەزگای هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و پاشان دەستبەسەرکرابوو. ئەو چالاکوانە مەدەنییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە بۆ ئێستا دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بێ ئاگایی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی لەیلا تیرئەندەری لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنی دا بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە پێش دەستبەسەرکرانی نەشتەرگەریی گورچیلەی بۆ کرابوو.

جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.٠٧ دا “ئارمان وەفایی“، هاوسەری لەیلا تیرئەندەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرابوو.

ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵی پار دا / ٢٠١٩.٠٢.١٧، لە سەروبەندی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکوانە ژینگەپارێزەکان و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش مانگێک لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.

لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی ملی هەڵگری مۆڵەتی ڕەسمییە لە وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە. لقی کوردستانی ئەو حزبە سێ ساڵ پێش ئێستا لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامیاران دەستی بە چالاکییەکانی کرد و لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشانیشدا دەستیکرد بە پێکهێنانی کۆمیتەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان لە ساڵی پارەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ٢٠ ئەندامی ئەو حزبەیان دەستبەسەرکردووە و لقەکانی ئەو حزبەیان لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامیاران داخستووە.