عەلی ساکنی، پارێزەر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە دووان لە بریگرتەکانی بە بە تۆمەتی “بەغی” بە سێدارە و بەندکران سزادراون. ئەو پارێزەرە دەڵێت کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا “هوشمەند عەلی پور” بە سێدارە و “محەمەد ئوستاد قادر” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادراون.

دانیشتنی دادگای ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ١ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١٠.٢٣ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بەڕێووەچووە و سزاکانیان ڕۆژی ٨ی بەفرانبار / ١٢.٢٩ بە پارێزەرەکەیان ڕاگەیەندراوە.

هوشمەند عەلی پور، هاوڵاتی خەڵکی سەردەشت و محەمەد ئوستاد قادر، هاوڵاتی خەڵکی سەقز لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.٠٨.٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دەوروبەری شاری سەقز دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەڕێکران. پاش ١٠٨ ڕۆژ لێکۆڵینەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی سنە و لە ئەنجامدا لە مانگی بەفرانباری ساڵی پاردا / ٢٠١٨.١٢ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرانەوە.

پارێزەری ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە بەردەوامیدا گوتی کە دۆسییەی بریگرتەکانی نێردراوە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە و تۆمەتی “بەغی لەڕێگەی ئەندامبوونی پارتی ئازادی کوردستان (پاک)” خراوەتە پاڵیان. سزاکەشیان بەپێی مادەی ٢٨٦ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەرکراوە.

عەلی ساکنی لە کۆتاییدا گوتی: “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تانە بۆ سزای سێدارەی هوشمەند عەلی پور ئاراستە دەکەین و سەبارەت بە سزای محەمەد ئوستاد قادریش داوای ڕەزامەندبوون بە بڕیار دەکەین”.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوودەوڵەتی لە مانگی خەرمانانی ساڵی پاردا / ٢٠١٨.٠٩ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردبووەوە و ئاشکرایکردبوو کە هوشمەند عەلی پور و محەمەد ئوستاد قادر، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژدا / ٢٠١٨.٠٨.٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و بۆ چەندین هەفتە هیچ پەیوەندییەکیان بە دەرەوەی بەندیخانە نەبووە. دانپێدانانە زۆرەملییەکانی ئەو دوو تۆمەتبارە لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.٠٨.٧ لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران پەخش کرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدابوو کە پارێزەریان نەبوو و نەیانتوانیبوو پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.