تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ٧ بەفرانبار / ١٢.٢٨، “حوسێن کەمانگەر“، چالاکوانی کوردی دەستبەسەرکراو، لەناکاو و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ڕابگەیەندرێت، لە بەندیخانەی کامێرانەوە بۆ قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرایکردبوو کە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و کامێران هەوڵدەدەن تۆمەتی “بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوونی یەک لە حزبە کوردستانییەکان”ی پێ هەڵبەستن و سزای “سێدارە”ی بەسەردا بسەپێنن.

حوسێن کەمانگەر لە مانگی بەفرانباری ساڵی پاردا / ٢٠١٩.٠١، هاوکات بە دەستپێکردنی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکوانانی مەدەنی و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامێران دەستبەسەرکرا.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە پاش دەستبەسەرکرانییەوە بۆ ماوەی چەند مانگ ڕێگەی پێنەدرا چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکات. پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی وردستانی گوتبوو کە ئیدارەی ئیتلاعات ئەو فشارانە بە مەبەستی وەرگرتنی وتەی زۆرەملی و دانپێدانانی تەلەفزیۆنی دەخاتە سەر حوسێن کەمانگەر.

 هەر لەو ماویەەدا “نەسرین نەقدی” و “ناهید کەمانگەر”، هاوسەر و کچی ئەو چالاکوانە مەدەنییە کوردە چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێرانەوە بانگ کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.

حوسێن کەمانگەر لە کۆتاییەکانی مانگی پوشپەڕ / ٢٠١٩.٠٧ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە نادیاربوونی چارەنووسی و بێبەشکرانی لە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە  دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و لە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژدا / ٠٨.١١ پاش ئەوەی رێگەی پێدرا پەیوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات مانگرتنەکەی شکاند.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ / دا “بورهان کەمانگەر”، خوشکەزای حوسێن کەمانگەر و ئەندامێکی گروپئ میوزیکی “کۆرال”یان دەستبەسەرکرد، بورهان کەمانگەر ڕۆژی ٢٠ی ڕزەبەر / بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی کامێران ئازادکرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەردا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنەوە بە سەرکایەتی “دادوەر سەعیدی” بە تۆمەتی ” ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

حوسێن کەمانگەر لە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ / ٢٠١٩.٠٨.١٠دا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پاش بەڕێکرانی بۆ بەندیخانە، چەندین جار دیکە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گوازراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە،

ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر / ٢٠١٩.١٠.١٥ سەرەڕای دابین کردنی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بەمەبەستیی ئازادیی کاتیی حوسێن کەمانگەر و جێبەجێکرانی هەموو قۆناغە ئیدارییەکانی لە دادگای گشتی و شۆڕشی کامێران بەڵام بە دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ئازادبوونی ڕێگریکرا.