“محەمەد ڕەشیدزادە”، کۆڵبەری خەڵکی گوندی “قەلەڕەشە”ی سەربە سەردەشت ڕۆژی ٦ی بەفرانبار / ١٢.٢٧ لە ناوچەی سنووریی “کانی سێو” درایە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانیی سەر سنوور و کوژرا. ئەو کۆڵبەرە ساڵی پار هاوسەرگیری کردبوو و سەرەتاکانی ئەمساڵ بوبووە باوکی منداڵێک.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “محەمەد لەگەڵ پۆلێک کۆڵبەری دیکە بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتبوون، لە دووریی ١٠٠ مەتریی سەر سنوور لە کاتێکدا هێشتا باریان پێنەبوو لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە درابوونە بەر دەستڕێژیی گولـلە”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا کە دوو گولـلە بەر لای ڕاستی سنگی محەمەد کەوتووە و گوتی: “هێزە سەربازییەکان پاش تەقەکردن و بڵاوەکردن بە کۆڵبەرەکان، شوێنەکەیان بەجێهێشتووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە محەمەد و کەسێکی دیکە بەسەختی برینداربوبوون.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە شەش کاتژمێر پاش برینداربوونی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەر هێزە سەربازییەکان شوێنەکەیان بەجێنەهێشتبایە و بەرەو نەخۆشخانەیەک بەڕێیان بکردایە ئەگری زیندوو مانی زۆر دەبوو.

بنەماڵەی ڕەشیدزادە پاش وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان سکاڵایەکیان لەدژی پۆلیسی سەردەشت تۆمارکردووە، بەڵام باوەڕیان وایە کە بەدواداچوون لەو بابەتانەدا ناگاتە هیچ ئەنجامێک و بکوژی کوڕەکەیان نە دادگایی دەکرێت و نە سزادەدرێت.

 بەپێی لێدوانەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی کۆڵبەرە قوربانییەکان، دادگای سەربازیی ئێران لە زۆربەی کاتەکان بە سکاڵاکانیان ڕاناگات. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو دادگایە تەنها لە چەند دۆسییەدا بڕیاری داوە سزایە مادی لە سندوقی دەوڵەت بدرێت بەو بنەماڵانە و دۆسییەکانی دیکە بێ ئەنجام ماونەتەوە.