بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “ئیبراهیم خەلیل سەدیق هەمەدانی“، بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی ورمێ لە رۆژی ٤ی بەفرانبارەوە / ١٢.٢٥، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “ئیبراهیم خەلیل سەدیق هەمەدانی بەدەست نەخۆشیی شەکرەوە دەناڵێنێت. لەم ماوەیەی ڕابردووەدا قاچی چڵکی کردبوو و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی بەندیخانەیان کردبوو. پزیشکەکان گوتوبوویان کە پێویستە بەپەلە ببرێت بۆ نەخۆشخانە و لەوێ چارەسەریی بۆ بکرێت ئەگینا ئەو چڵکە دەگاتە سەر ئێسقانی قاچی”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی بەندیخانەکە لەگەڵ ئەوەی ئاگاداری دۆخی مەترسیداری ئەو بەندکراوە سیاسیەن، بەڵام ڕێگرییان کردووە لەوەی بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە و هەر بەو هۆیەشەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە بەندی بەندکراوانی ئاسایی بەندیخانەکەدا بەندکراوە.

ئیبراهیم خەلیل سەدیق هەمەدانی وێرای دوو منداڵی بە ناوەکانی سالار و مریەم (مەهسا) خەلیلی هەمەدانی رۆژی چواری رەشەمەی ساڵی رابردووی هەتاوی/ 2019.02.23 لە ورمێ دەستبەسەر کران. مریەم سەدیق هەمەدانی رۆژی پێنجی گوڵان/ ٠٤.٢٥ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

یەکەمین دانیشتی دادگای ئیبراهیم و سالار خەلیلی هەمەدانی رۆژی ٢٧ی خەرمانان، ٠٩.٢٢ لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە مافی گرتنی پارێزەریان لێ زەوتکرابوو. دادگا سەرەنجام بە تۆمەتی ئەندام بوون لە رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران بۆ هەر کامیان ١٥ ساڵ بەندکرانی دیاریکرد و هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک بەندکران مەحکوم کران.

ئەم دوو هاوڵاتییە چەند رۆژ دواتر لە لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی گرتنی وێنە و فیلم لە ناوەندە سەربازییەکان هەر کامیان بە سێ ساڵ بەندکران سزادران. هەر یەک لەم دوو بەندکراوە  ١٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. بە لەبەرچاو گرتنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزاکانی ئێران،  ١٥ ساڵ بەندکران بۆ هەرکامیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو دوو بەندکراوە لە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەرەوە / ٠٩.٢٥ تا ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەر / ١٠.١٩ لە دژی ئەو بڕیارانەی دادگا دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.