تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ڕابردوو ٧ی بەفرانبار / ١٢.٢٨، “لەیلا تیرئەندەری”، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لەقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی بانگراوە بۆ دەزگای هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و پاشان دەستبەسەرکراوە. دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکوانەی مافەکانی ژنان لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بەمەبەستی دەرهێنانی بەردی گورچیلە لە نەخۆشخانەیەکی تاران نەشتەرگەریی بۆ کرابوو و دۆخی تەندروستییەکەی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.٠٧دا “ئارمان وەفایی“، هاوسەری لەیلا تیرئەندەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرابوو.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە سنە، لەیلا تیرئەندەری ئەمڕۆ لە دەستبەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیە کردووە و گوتویەتی کە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە فشارەکانی سەر خۆی و هاوسەرەکەی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە مانی لە خواردن گرتووە.

لەیلا تیرئەندەری لە نەخۆشخانەی “بعسەت”ی شاری سنە پەرەستارە. ناوبراو لە ساڵی پارەوە بۆ ئێستا چەندین جار لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و حراسەتی ئەو نەخۆشخانەیەوە بانگکرابوو و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “بنەماڵەی تیرئەندەری ئەمڕۆ سەردانی دادگای سنەیان کرد. دادوەر شاهگولدی، دادوەری لقی دووی لێپیچینەوەی دادگای شۆڕشی سنە پێی گوتوون تا ئەو کاتەی دان بەو تۆمەتانەی پێیان هەڵبەستراوە نەنێن ئازاد ناکرێن”.

لەقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی ملی هەڵگری مۆڵەتی ڕەسمییە لە وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە. لقی کوردستانی ئەو حزبە سێ ساڵ پێش ئێستا لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامیاران دەستی بە چالاکییەکانی کرد و لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشانیشدا دەستیکرد بە پێکهێنانی کۆمیتەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان لە ساڵی پارەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ٢٠ ئەندامی ئەو حزبەیان دەستبەسەرکردووە و لقەکانی ئەو حزبەیان لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامیاران داخستووە.