پاریس، ٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ / ٢٠١٩.١٢.٢٩. پاش بەرزبووەوەی لەناکاوی نرخی بەنزین و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەستان بە سەرکوتکردنی ناڕەزاییە ئاشتیانەکانی هاوڵاتیان. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕاگەیەندنە سەربەخۆکان و ناوەندەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژران و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون. لەمیانەی ئەو خۆپیشاندانانەدا لانیکەم هەزار هاوڵاتی کورد دەستبەسەرکران کە چارەنووسی ژمارەیەکیان تاوەکو ئێستا نادیارە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەمەبەستی بەبەڵگەکردنی توندوریژییەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر هاوڵاتیان، دەستی داوەتە ئەنجامدانی چەند لێدوانێک لەگەڵ سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی لە مەریوان، کرماشان، جوانڕۆ، سنە، بۆکان و ئیلام. ئەم ڕاپۆرتە دەرەنجامی ئەو لێدوانانەیە.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/2734718566571407/?t=0

کاوە کرماشانی، گوتەبێژی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت:”پاش تێپەڕبوونی مانگ و نیوێک بەسەر خپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا، لە ئێستادا زانیاریی زیاتر سەبارەت بە توندوتیژییەکانی حکومەت دژی خۆپیشاندەران بە دەست دەگات. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش وەک ڕێکخراوێکی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ کە چالاکییەکانی لەبارەی پرسە پەیوندیدارەکانی کوردستانەوە، لەم ماوەیەدا لەڕێگەی بەدواداچوونەکانییەوە دەستی گەیشتووەتە هەندێک بەڵگە کە پیشاندەری توندوتیژیی قورسی هێزە ئەمنییەکان لە دژیدەستبەسەرکراوانە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان”.

بە وتەی گوتەبێژی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوەکان لە ژووری بچوکی تاکەکەسی دا بۆ ماوەیەکی زۆر، نەدانی خواردن بە دەستبەسەرکراوەن، دەرمان نەکردنی بریندارەکان و ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی توالێت چەند لە نمونە بەرچاوەکانی ئەو توندوتیژیانەن. چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە ئازاری سێکسی و هەروەها توندوتیژیی قورس به تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە.

کرماشانی لە بەردەوامی دا ئاماژەی بە چەند خاڵێکی باسکراو لەم ڕاپۆرتەدا دا و گوتی: “لەم ماوەیەدا ڕاپۆرتی زۆرمان بەدەست گەیشتووە و هەوڵمان داوە ئەو ڕاپۆرتانە لەڕێگەی سەرچاوەکانی تۆڕەوە پشتڕاست بکەینەوە. بۆ ئێمە ئاشکرایە کە ئەشکەنجەی جەستەیی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دەستبەسەرگە ئەمنی و سەربازییەکاندا ڕوویداو و تەنانەت کوژرانی چەند هاوڵاتییەکیشی لێکەوتووەتەوە. هەروەها چەند ڕاپۆرتێکمان پێ گەیشتووە کە دەیسەلمێنن لانیکەم سێ خوێندکاری مێرمنداڵ لەو دەستبەسەرگانەدا ئازاری سێکسی دراون و هەڕەشەیان لێکراوە بە باتوم دەستدرێژیی سێکسێ دەکرێتە سەریان.  ناسنامەی ئەو منداڵانە، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشیشان لە هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان، لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پارێزراوە”.

دەستدرێژی و ئازاری سێکسیی دەستبەسەرکراوان

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دوو سەرچاوەی تۆڕ کە لە ڕۆژەکانی ٢٥ و ٢٦ی خەزەڵوەر / ١٦ و ١٧ی مانگی ١١ دا لە مەریوان دەستبەسەرکراون ، کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەیدانی سپای مەریواندا چەندین منداڵی ژێر ١٨ ساڵیش دەستبەسەرکرابوون و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لەگەڵ سەدان دەستبەسەرکراوەکەی دیکە ئەشکەنجە دراون.

هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کە لەلایەن کەسێک بەناوی “حاجی مەیسەم”ەوە بەڕێوەدەبرێن هەڕەشەیان لەو منداڵانە کردووە بە بە باتوم دەستدرێژی سێکسییان دەکەنە سەرو پاشان ئازاری سێکسییان داون، ئەو سێ منداڵە پاش چەند ڕۆژێک بە بارمتە ئازادکراون بەڵام هەڕەشەیان لێکراوە کە بی هیچ شێووەیەک باسی ئەو ئازار و ئەشکەنجانە نەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی تۆڕ، بنەماڵەی ئەو منداڵانە پاش بینینی گیروگرفتە دەروونییەکانی منداڵەکانیان سەبارەت بەو ڕووداوە ئاگاداربوونەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڕەشەکانی ئیتلاعاتی سپاوە نەیانوێراوە سکاڵا لەدژی بکەرانی ئەو تاوانە تۆماربکەن. ئەو منداڵانە هێشتا لەژێر کاریگەریی ئەو ئەشکەنجانەدان و نەیانتوانیوە ئەو ڕووداوانەی بۆتان ڕوویداوە بەوردی بیگێڕنەوە.

ئەشکەنجەی جەستەیی

هاوڵاتییەک کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی مەریواندا دەستبەسەرکرابوو و پاشان ڕابردوودا بە دانانی بارمتە ئازادکرا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “پاش ئەوەی دەستبەسەریان کردین یەکی کیسەیەکی ڕەشیان بەسرداکردین و سەر ئۆتۆمبێلێک لەجۆری پیجۆی ٤٠٥یان خستین. پاشان گواستینیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەناو ژووری بچوکی نیو مەتر بە نیو مەتریان کردین. هاوکات گوێمان لە دەنگی ئەشکەنجەدرانی دەستبەسەرکراوەکانی دیکە بوو. ژوورەکە ئەوەندە بچوک بوو کە نەماندەتوانی تەنانەت قاچمانی تێدا ڕاکێشین. لەو ماوەیەی لەوێ دەستبەسەرکرابووین تەنانەت تیکەیەک نانیشیان نەداینێ”.

لە بەردەوامیدا گوتی کە نەیاندەزانی لە کوێ و لەلایەن چ ناوەندێکەوە دەستبەسەرکراون و بەم شێوەیە درێژەی بەقسەکانی دا: “شەوانە هەموومانیان دەبردە دەرەوە لە ژوورەکان و ناچاریان دەکردین جلەکانمان دابکەنین، پاشان ئاوی ساردیان پێدا دەکردین و لێیان دەداین.”.

ئەو هاوڵاتییە باسی بوورانەوەی چەندین منداڵ و هەرزەکاری دەستبەسەرکراوی کرد و گوتی: “نازانین ئەو منداڵانە کە بەهۆی ئەشکەنجەوە دەبوورانەوە، چییان لێکرا، نازانین بۆ کوێیان بردن، تەنانەت نازانین مردبوون یان تەنیا بوورابوونەوە”.

دوو شایەتحاڵی دیکەش لە مەریوانەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووان و گوتیان: “لە ڕۆژانی ٢٦ بۆ ٢٨ی خەزەڵوەر / ١٧ بۆ ١٩ی مانگی ١١، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان بردە ناو حەوشەی ئیتلاعاتی سپا، شەوانە پاش ئەوەی دەستبەسەرکراوەکانیان ڕوت دەکردەوە دەیانگرتنە بەر ئاوی سارد و لێیان دەدان”.

ئەشکەنجەکان تەنیا تایبەت بەو دەستبەسەرگەیە نەبوون و هێزە ئەمنییەکان لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئیدارەی ئاگاهی و پۆلیسی مەریوانیش هاوڵاتیانیان ئەشکەنجە داوە.

“ئاراس بافکاری”، هاوڵاتیی تەمەن ١٦ ساڵ و دانیشتووی مەریوان یەک لەو منداڵآنەیە کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەردا دەستبەسەرکراوە و بەتۆمەتی شکاندنی سەری فەرماندەی یەک لە بنکە پۆلیسەکان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکراوە و ئەشکەنجە دراوە.

هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی “سوهەیب ئەسەدی” پاش دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهی و ئەشکەنجە دراوە. سوهەیب بەهۆی ئەشکەنجەکانەوە دەست و قاچی لە جێگەوە شکاوە. ئەو هاوڵاتییە تەمەن ٢٤ ساڵە پاش ٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازادکراوە، بەڵام پزیشکی داد بەدواداچوونی بۆ تەندروستییەکانی نەکردووە بۆ ئەوەی نەتوانێت لەدژی ئەشکەنجەکەرەکان سکاڵا تۆماربکات.

ئیرشاد ڕەحمانیان

گیان بەختکردن لەژێر ئەشکەنجەدا

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا توانیویەتی کە کوژرانی “ئیرشاد ڕەحمانیان”، هاوڵاتی تەمەنە ٢٤ ساڵی مەریوان لە ژێر ئەشکەنجەدا پشتڕاست بکاتەوە. تەرمی ئەو هاوڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەز / ١٢.١٥ لەکاتێکدا دەس و قاچ و چەند ددانێکی شکێندرابوو لە ناو بەنداوی “گاڕان”ی سەربە مەریوان دۆزرایەوە.

هەرچەند بەهۆی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان، ڕێکەوتی ڕێکی دەستبەسەرکانی ئەو هاوڵاتییە نەزانراوە، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦ یان ٥ی سەرماوەز / ١١.٢٦ دەستبەسەرکراوە. ئیرشاد دوایین جار لەبەر بانکێکی نزیک بە مزگەوتی مەولەوەیی مەریوان بینراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ڕەحمانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ڕۆڵەکەیان، دادگا و ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوان هیچ وەڵامێکی ئەو بنەماڵەیەیان نەدابووەوە. دواتر سەرچاوەیەکی حکومی بەو بنەماڵەئیەی گوتبوو کە کوڕەکەیان نێردراوە بۆ بەندیخانەی سنە، بەڵام پاش سەردانیان بۆ ئەو بەندیخانەیە تێگەیشتن کە ئەو زانیارییە دوور بوو لە ڕاستی. ئیرشاد ڕەحمان تا ئەو ڕۆژەی تەرمکەیە لە بەنداوی “گاڕان”دا دۆزرایەوە بێ سەروشوێن بوو.

وێنەیەک نێردراوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە پێدەچێت لەکاتی دەرهێنانەوەی تەرمی ئیرشاد ڕەحمانیان لە بەنداوی گاڕاندا گیرابێت. پزیشکی دادی مەریوان تا ئێستا هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەو هاوڵاتییەی بەفەرمی ڕانەگەیاندووە.