بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٦ی بەفرانبار / ١٢.٢٧، هێزەکانی پاسەوانیی سنوور کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی “کانی سێو”ی سەردەشت پۆلێک کۆڵبەریان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە.

لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژیەدا کۆڵبەرێک بەناوی “محەمەد ڕەشیدزادە”، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “قەلەڕەشی” کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی “خزر بێنەوا” بەسەختی برینداربوو.

هەروەها بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، ژمارەیەک لە ئەسپەکانی ئەو کۆڵبەرانەش گولـلەیان بەرکەوتووە و تەلەف بوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ٦ کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون، ٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش هەر بەو هۆیەوە برینداربوون. هەروەها لەم ماوەیەدا کۆڵبەرێک بەهۆی جەڵتەی دڵ و دوو کۆڵبەری دیکە بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش بەهۆی سەرماوە برینداربووە. لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتییەک لە ئەنجامی تەقینەوەی میندا قاچێکی لەدەستداوە.