تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەز / ١٢.١٨، دوو بەندکراو بەناوەکانی “عەلی پایا”، بەندکراو لە بەندی کرێکاری و “ئەمیر ناجی وەش”، بەندکراو لە بەندی ۱۴ پاش تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلەوەنزای گوازراونەتەوە بۆ ناوەندی دەرمانی بەندیخانەی ورمێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەنێردراون بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، گیانیان لە دەستداوە.

ئەو دوو بەندکراوە خەڵکی شاری ورمێ بوون، تەمەنیان لە سەرەوەی ٥٠ ساڵ بووە و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەدا بوون.

عەلی پایا لە ساڵێک پێش ئێستاوە دەستبەسەرکرابوو و بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرابوو. ئەمیر ناجی وەش نزیکە ساڵێک پێش ئێستا دەستبەسەرکرابوو و ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرەڕای  تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر گیان لە دەستدانی ئەو دوو بەندکراوە، ڕاگەیەندنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.