ڕۆژی ڕابردوو ٣ی بەفرانبار / ١٢.٢٤، لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و ماکۆ برینداربوون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی کەوتنەخوارەوە لەسەر بەرزاییەکانی کەلی تەتەی هەورامان برینداربوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ڕابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی بانە دوو کۆڵبەر بەناوەکانی “سەعدوڵلا مەحمودی” و “عەزیز عەزیزی” دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و بە سەختی برینداربوون.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکە بەناوەی “شەهرام ئەعلایی حەیدەرانلو”، خەڵکی گوندی “تەقی کەند”، لەلایەن هێزەکانی بارەگای سەربازیی “نێسگرێک”ەوە کە کەوتووەتە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران، تەقەی لێکراوە و برینداربووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، کۆڵبەرێکیش بە پاشناوی “سەلاح دەرزیانی” بەهۆی کەوتنەخوارەوە لەسەر بەرزاییەکانی “تەتە”ی هەورامانەوە برینداربووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ٦ کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون، ٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش هەر بەو هۆیەوە برینداربوون. هەروەها لەم ماوەیەدا کۆڵبەرێک بەهۆی جەڵتەی دڵ و دوو کۆڵبەری دیکە بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش بەهۆی سەرماوە برینداربووە. لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتییەک لە ئەنجامی تەقینەوەی میندا قاچێکی لەدەستداوە.