تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ڕابردوو ٣ی بەفرانبار / ١٢.٢٤، ڕێگە بە بنەماڵەی “چەنگیز قەدەم خێر” دراوە کە چاویان بە ڕۆڵەکەیان لە بەندیخانەی مەسجد سولەیمان دا بکەوێت. ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بە هۆی پێاگریی بنەماڵەکەی و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانەکە بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی پاش ١٣ ڕۆژ مانگرتنەکەی شکاندووە.

چەنگیز قەدەم خێر هەشتمەنی ساڵی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی مەسجد سولەیماندا تێپەڕدەکات و لە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز / ١٢.١١ ەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە وەرنەگرتنی چارەسەریی پزیشکی دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە مانگرتنی چەنگیز قەدەم خێر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “لە سێ ڕۆژ پێش ئێستاوە بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی لە ژوورە تاکەکەسییەکانەوە بۆ ناوەندی دەرمانی بەندیخانەکە گوازرابووەوه، کێشی جەستەی ٥ کێلۆ دابەزیبوو و لەکاتی بینینی منەـالەکەی بەردەوام سەری گێژی دەخوارد و بوراوەتەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری ڕەزامەندبوونی ئیدارەی ئیتلاعات شاری کامێران بەمەبەستی دەرمان دەینێرن بۆ نەخۆشخانەیەک یان مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی دەدەنێ.

چەنگیز قەدەم خێر مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ / ٢٠١١.٠٦ دا لە کاتێکدا دەستبەسەرکرا کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لێکردبوو و گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتبوو. ئەو گولـلەیە ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و وایکرد کە یەک لە گورچیلەکانی بەتەواوی لەکار بکەوێت.

لەکاتێکدا کە گورچیلەکەی دیکەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەیەکی زۆرە چڵکی کردووە و تووشی خوێنەبربوون بووە، بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان نە بە نەخۆشخانەی دەرەوە بەندیخانەی دەکەن و نە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەش دەدەن.

دانیشتنی دادگاکەی چەنگیز قەدەم خێر لە مانگی خەرمانانی ١٣٩١ / ٢٠١٢.٠٩ لە لقی یەکی دادگای شۆڕسی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “حەسەن بابایی” بەڕێوەچووبوو.

دادگای شۆڕشی سنە لە ئەنجامدا، چەنگیز قەدەم‌خێڕی بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا (محاربە) لەڕێگەی ئەندامبوونی کۆمەڵە” بە ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی منەسجد سەلەیمان سزادا. سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە تانەی لەو سزایە دا، بەڵام هەرگیز وەڵامی تانەکەی نەدرایەوە. چەنگیز قەدەم‌خێڕ لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢دا / ٢٠١٣.٠٤ لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان گوازرایەوە.