سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە مەریوان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی لە دەستبەسەرکرانی مێرمنداڵێک بەناوی “میلاد فەیزی پور” بەهۆی دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لە دەستدانی ئازاد و فەرهاد خوسرەوی کرد و گوتی: “میلاد ڕۆژی ڕابردوو لە مەیدانی ١٢سوارەی مەریوان دوو پانکاردی بەدەستەوە گرت و ناڕەزایی و هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە گیان لە دەستدانی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی دەربڕی”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە لەسەر ئەو پانکاردانەی میلاد بەدەستییە گرتبوون، نووسرابووە: “تا کەی خوێنی گەنجانمان بەناهەق بڕژێت” و “کاک فەرهاد و کاک ئازاد هەردوو برای منن”. هێزە ئەمنییەکان بە بینینی پانکاردەکان پەلاماریان داوە و پاشان دەستبەسەریان کردووە.

پێشتر لە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز / ١٢.٢٠، هەزاران هاوڵاتیی خەڵکی مەریوان تەرمی فەرهاد خوسرەوییان تا گوندی نێ بەڕێکرد و خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا. ئەو هاوڵاتییانە بە بەدەستەوەگرتنی “تیکەی نان” و گوتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران لە کوردستان دەربڕی.

فەرهاد و ئازاد خوسرەوی، دوو مێرمنداڵی خەڵکی گوندی “نێ”ی مەریوان بوون کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز / ١٢.١٦ بەمەبەستی کۆڵبەری بەرەو تەتەی هەورامان بەڕێکەوتبوون و پاشان گرفتاری بەفر و سەرما بوبوون. تەرمی سەهۆڵ بەستووی ئەو دوو کۆڵبەرە مێرمنداڵە لە ڕۆژەکانی ٢٦ و ٢٩ سەرماوەز / ١٢.١٧ و ١٢.٢٠دا لەلایەن هاوڵاتیانەوە دۆزرایەوە.

کوشتاری کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانی جەماوەریی هاوڵاتیانی  لێکەوتووەوە، لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٦ / ٢٠١٧.٠٩، پاش کوژرانی دوو کۆڵبەر بەناوەکانی “قادر بەهرامی” و “حەیدەر فەرەجی” لەلایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی بانە هەڵیانکوتایە سەر بارەگای سەربازیی بەرپرسی ئەو کوشتارە و پاشان خۆپیشاندان لە شارەکەدا بەڕێوەچوو. هاوڵاتیانی کورد لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەمەبەسته دەربڕینی هاوخەمی دووکان و بازاڕیان داخست.