بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٣٠ی سەرماوەز / ١٢.٢١، “بەختیار ڕەحیمی”، چالاکوانی کرێکاریی کورد بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکراوە. ئەو چالاکوانە کرێکارییە ڕۆژی ٦ی سەرماوەز / ١١.٢٧ لە شوێنی کارەکە لە ئیدارەی کارەبای مەریوان دەستبەسەرکرابوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەفتەی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو چالاکوانە کرێکارییە دەربڕیبوو. لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو کە بەختیار ڕەحیمی تەنها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی بە بنەماڵەکەیەوە هەبووە، بەدەست نەخۆشیی گورچیلەوە دەناڵێنێ و پێویستیی بە چاودێریی پزیشکیی ڕۆژانە هەیە.

بەختیار ڕەحیمی پێشتر لە مانگی پوشپەڕی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧.٠٧ دەستبەسەرکرابوو و پاش ١١ مانگ بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.