تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە “عەلی بەدرخانی“، نووسەری کورد پاش کۆتاییهاتنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازادکراوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی پار لەکاتێکدا بەدەست نەخۆشیی گورچیلەوە دەیناڵاند، لە بەندی بەندکراوە ئاساییەکانەوە بۆ بەندی کرێکاریی ئەو بەندیخانەیە گوازرایەوە و لەماوەی سێ ساڵ بەندکرانیشیدا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی نەدرایە و لە مافی ئازادبوون بەمەرج بێبەشکرا.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ / ٢٠١٩.٠٩، سەرچاوەیەکی نزیک بەو نووسەرە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتبووی: “زیاتر لە ١٥ مانگە توشی نەخۆشی گورچیلە بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ بایەخێک بەم پرسە نادەن و ئەو نووسەرەی کورد هەروا لە بەندی کرێکاریدایە و ئەو بەندەی زیندانیش مەرجە سەرەتاییەکانی تەندروستی نییە”.

بە پێی وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، عەلی بەدرخانی ساڵی رابردوو پاش ئەوەی گوازرایەوە بۆ بەندی کرێکاری، دوو جار لەلایەن بەندکراوەکانی دیکەوە پەلاماری درایە، کە ئەمەش بە هۆی هاندانی “مێهرعەلی فەرهەنگ” بەرپرسی ئەو بەندەوە بوو. مێهرعەلی فەرهەنگ پێشتر بەرپرسی بەندی به‌ندكراوانی سیاسی بووە. دەگوترێت لە ساڵانی رابردوودا بە هاوکاریی نوسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی ورمێ، راستەوخۆ لە کردنەوەی دۆسییەی نوێ و زه‌خت  بۆ سه‌ر زیندانیانی سیاسی دەستی بووە.

عەلی بەدرخانی ناسراو بە “شوان” سەربە بنەماڵەی ناسراوی بەدرخانییەکانە و لە ٣٠ ساڵ پێش ئێستاوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە باشوری کوردستانەوە بۆ ئێران کۆچیان کردووە.


لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤ و لە دوا ساڵی خوێندنی قۆناغی ماستەر لە زانکۆی تاران بە هۆکاری سیاسی لە خوێندن بێ بەش کرا. چواری رەشەمەی هەمان ساڵ لە ماڵی خوشکەکەی لە ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا. لەو ماوەیەدا لەلایەن ئیتلاعاتەوە کەوتبووە ژێر فشار و ئەشکەنجەوە تا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکرێت. ئەو کات بۆ ماوەی نۆ رۆژ بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دەستی دایە مانگرتن چونکە بە نایاسایی دەستبەسەر کرابوو. پاش کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپێچینەوە، بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە و دواتریش بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هەر لە درێژەی فشارەکان بۆ سەر عەلی بەدرخانی، لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.


پاش ئەوەی تانە لەم بریارە درا، دۆسیەکەی رەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراو لە لقی ١٠ی ئەو دادگایە سزاکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.
سەرەنجام لە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣.٢٩ عەلی بەدرخانی بۆ دادگای شۆڕشی ورمێ بانگرا و لەوێ دەستبەسەرکرا. لەوێشەوە راستەوخۆ بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە بۆ ئەوەی سزای سێ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ بکرێت.

ئەم نووسەرە کوردە تا ئێشتا چەندین کتێبی وەک  “تورکیا، دیمۆکراسی و کورد”، “گفتوگۆی ئەندێشە”، “پەنابەری عیشق” و “حەکایەت و ئەفسانە کوردییەکان” بڵاوکردووەتەوە.