تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئەمڕ ١ی بەفرانبار / ١٢.٢٢، کۆڵبەرێک بەناوی “کەیهان ئەکرەم ” لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لە دەستداوە. ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان / ٠٩.١٥دا لە ناوچەی سنووریی “سەیف”ی سەربە سەقز درابووە بەر دەستڕێژیی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و برینداربوبوو.

کەیهان ئەکرەم

ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی “گوێزەکوێرە”ی سەقز بووە و پاش برینداربوونی ماوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی سنەدا لەژێڕ چاودێریی پزیشکیدابووە، بەڵام پاش ماوەیەک بەهۆی ناجێگربوونی دۆخی تەندروستییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە تاران.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ٦ کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون، ٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش هەر بەو هۆیەوە برینداربوون.

هەروەها لەم ماوەیەدا کۆڵبەرێک بەهۆی جەڵتەی دڵ و دوو کۆڵبەری دیکە بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش بەهۆی سەرماوە برینداربووە. لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتییەک لە ئەنجامی تەقینەوەی میندا قاچێکی لەدەستداوە.