بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەز/ ١٢.١٢، “مۆژگان کاوسی“، نووسەری کورد لە بەندیخانەی نۆشەهرەوە گوازرایەوە بۆ دادگای شۆڕشی ئەو شارە و بە ٦٩ مانگ بەندکران سزادرا. پاشان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی بەشێووەی کاتی ئازادکرا.

ئەو نووسەرە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی نۆشەهرەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی حزبەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی” بە ٣٣ مانگ، “هاندان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٠ مانگ و “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ٦ مانگ بەندکران سزادرا. لە ئەگەری پەسندبوونی ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا، ٣٣ مانگ لەو سزایە بەپێی مادەیاسای کۆکردنەوەی سزاکان جێبەجێدەکرێت.

ئەو نووسەرە کوردە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر / ١١.١٨ لە ماڵی خۆی لە شاری “نۆشەهر”ی باکوری ئێران دەستبەسەرکرا و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ساری. ناوبراو ڕۆژی ١٩ی سەرماوەز / ١٢.١٠ بۆ بەندیخانەی نۆشەهر گوازرابووەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو نووسەرە کوردە نووسینی چەند یاداشتێک سەبارەت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

مۆژگان کاوسی، نووسەر و چالاکوانی کولتوری، هاوڵاتیی کوردی دانیشتووی باکوری ئێران و هەڵگری بەڵگەنامەی ماستەری هونەرە جوانەکانە و لە ساڵانی ڕابردوودا دوو بەڵگەفیلم بەناوەکانی “هیوا” و “بەرباد”ی دەرهێناوە.