ئەمڕۆ ٢٩ی سەرماوەز / ١٢.٢٠، تەرمی “فەرهاد خوسرەوی”، کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ کە لە شەوی ٢٥ی سەرماوەز / ١٢.١٦ ەوە بێ سەروشوێن بوبوو لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە تەتەی هەورامانەوە دۆزرایەوە.

هەزاران هاوڵاتی لەگەڵ بردنەوەی تەرمی ئەو کۆڵبەرە مێرمنداڵە بۆ گوندی “نێ”، شوێنی لەدایکبوونی بە بەرزکردنەوەی “نان” ڕێپێوانیان کرد و یادی ئەو کەسانەیان بەرز ڕاگرت کە لە ڕێگەی “نان”دا گیانیان بەخت دەکەن. لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەشیدا هەزاران هاوڵاتی بەشدارییان کرد و لەدژی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمیان گوتەوە.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/819898831797256/?t=0

یەک لە بەشداربووانی مەراسیمەکە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “گیان لەدەستدانی ئەو دوو برا کۆڵبەرە خەڵکی ناوچەکەی زۆر تووڕە کردووە. هێشتا چلەی گیان بەختکراوانی خۆپیشاندانەکانی مەریوان تێنەپەڕیوە کە خەڵک ڕووبەڕوویرسێکی تراژیکی دیکە بوونەوە.هەژاری و بێکاری هەموو شوێنی گرتووەتەوە، هەرکەسیش ناڕەزایی دەرببڕێت بەسەختی سەرکوت دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە کەسانی دیکەی وەک فەرهاد خوسرەوی و ئازاد خوسرەوی کە لەڕووی ناچارییەوە ڕوودەکەنە کۆڵبەری یان لە سەرمادا گیان لەدەست دەدەن یان هێزە سەربازییەکان تەقەیان لێدەکەن و دەیانکوژن”.

فەرهاد خوسرەوی ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز / ١٢.١٦ لەگەڵ “ئازاد خوسرەوی”ی برای و “حسێن کەرەمی” بەمەبەستی کۆڵبەری بەرەو “تەتە”ی هەورامان بەڕێکەوتبوون و پاشان گرفتاری بەفر و بۆران بوبوون. ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧ دۆزرابووەوە، حسێن کەرەمیش هەر ئەو ڕۆژە بەبرینداری دۆزرابووەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کرابوو.

تەتەی هەورامان یەک لە بەرزترین ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ساڵانە بەفرێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەرانی هەرزەکار لەو ناوچەیەدا بەهۆی گرفتاربوون لە بەفر و بۆراندا گیانیان لە دەستداوە.

لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ / ٢٠١٧.٠٢ لە دەوروبەری گوندی “بێوران”ی سەربە سەردەشت بەهۆی هەرەسی ڕونوە بەفرەوە ٤ کۆڵبەر گیانیان لە دەستدا، هاوکات هەر لەو شوێنە کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ کەوتە ژێڕ هەرەسی بەفرەوە و گیانی بەخت کرد. هەرەسی بەفر لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٦ / ٢٠١٨.٠٣ و خاکەلێوەی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٤ لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و خۆی گیانی ٦ کۆڵبەری دیکەی سەند. لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.١٢شدا دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانی ورمێ و شنۆ بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لە دەستدا.

هەروەها لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠١ دا کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ناوچەی سنووریی چاڵدێران و لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٤دا ٣ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی “کانی خودا”ی پیرانشار بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لە دەستداوە.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/473592550018784/?t=1