فەریدە کەرەمی، دایکی “عەلی ستودە”، یەک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شاری “قوروە”، بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی کوڕەکەی لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی قوروەوە بە ساڵێک بەندکران سزادراوە.

عەلی ستودە، شەوی ٨ی سەرماوەز / ١١.٢٩ لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە بانگ کرا. ناوبراو ڕۆژی ٩ی سەرماوەز / ١١.٣٠ پاش سەردانی بۆ ئەو ئیدارەیە دەستبەسەرکرا. هێزە ئەمنییەکان “بڵاوکردنەوەی لافیتە لەدژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین”یان وەک هۆکاری دەستبەسەرکردنی ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی قسەکانی دایکی ئەو هاوڵاتییە کوردە، شەوی ٩ی سەرماوەز / ١١.٣٠ لە دادگای قوروەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پێوەکراوە و پێی گوتراوە کە بۆ ئازادبوونی کوڕەکەی بارمتەیەک ئاراستەی دادگا بکات. عەلی ستودە بەیانیی ١٠ی سەرماوەز / ١٢.٢١ بە دانانی تاپۆی دوکانێک لەجیاتی بارمتە ئازادکرا.

فەریدە کەرەمی لە بەردەوامیدا گوتی: “هێزە ئەمنییەکان ئێوارەی ئەو ڕۆژە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان و دیسانەوە دەستبەسەریان کرد. چەن کاتژمێرێک دواتر تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی وا ڕەوانەی بەندیخانەی قوروەم دەکەن”.

هەروەها ئەو هێزانە ڕۆژی ١١ی سەرماوەز / ١٢.٠٢ جارێکی دیکە ڕژابوونە ناو ئەو ماڵەوە و پاش پشکنینی دەستیان بەسەر هەندێک کەوپەلی شەخسیی عەلی ستودەدا گرتبوو.

دانیشتنی دادگاییکردنی عەلی ستودە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز / ١٢.١١ بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی قوروە بەڕێوەچوو و بەتۆمەتی “بڵاوکردنەوەی لافیتە” بە ساڵێک بەندکران سزادرا. دادوەری دادگاکە پاش کۆتاییهاتنی ئەو دانیشتنە بە دایکی عەلی ستودەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر تانە لەو سزایە نەدەن بەپێی مادەیاسای “ڕەزامەندبوون بە بڕیار” بۆ ٥ مانگ بەندکران کەم دەکرێتەوە.

عەلی ستودە لە ئێستادا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قوروەدا بەسەردەبات و لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە بۆ ئێستا دوو جار ڕێگەی پێدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

ئەو هاوڵاتییە کوردە ئەمڕۆ ٢٧ی سەرماوەز / ١٢.١٨ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دایکی گوتووە کە هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەیان لێکردووە و هەوڵیان داوە ناچاری بکەن بەڵێن‌نامەیەک بۆ دەربڕینی پەشیمانی واژۆ بکات، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە.

  عەلی ستودە، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی شاری قوروە و هەوادارێکی بەرەی نەتەوەیی ئێڕان (جبهه ملی ایران)ە. بنەماڵەکەی لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە بەهۆی گیر و گرفتی مادییەوە ماڵیان بۆ گوندێکی دەوروبەری ئەو شارە بەناوی “قەڵا” گواستووەتەوە. فەریدە کەرەمی بەررسیارێتیی بنەماڵەکەی لە ئەستۆدایە و جگە لە عەلی دوو منداڵی دیکەشی هەیە.