سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی “فاتمە داوەند”، هاوڵاتیی بۆکانی کە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەستبەسەرکرابوو، بۆ تۆڕی مافەکانی کوردستان دوا و گوتی کە ئەو هاوڵاتییە پاش کۆتاییهاتی لێکۆڵینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە فاتمە داوەند ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر / ١١.١٧ لە سەقز دەستبەسەرکراوە و پاشان گوزراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. لە بەردەوامیشدا گوتی: “فاتمە بۆ ماوەی نزیک یەک مانگ لە فشاری هێزە ئەمنییەکاندا بوو بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملی سەبارەت بە هاوکاریکردنی حزبە کورستانییەکانی لێوەربگرن. دانپێدانانەکانی پاشان لە تەلەفەزیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی دا پەخش کرایەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، پاش گوازرانەوەی ئەو هاوڵاتییە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ، دادگا دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنیی وەک مەرجی ئازادیی کاتیی دەستنیشان کردووە، بەڵام بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە ئەو بارمتەیە دابین بکەن و هەر بۆیەش تا ئێشتا لە بەندیخانەدا ماوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش ئەوەی بنەماڵەی داوەند داوای کردووە بڕی بارمتەکە کەم بکرێتەوە، دادگا پێی ڕاگەیاندوون کە بڕیاری بارمتەکە گۆڕاوە بە بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتی.

فاتمە داوەند دایکی سێ منداڵە و لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە بۆ ئێستا تەنیا جارێک ڕێگەی پێدراوە چاوەی بە بنەماڵيکە بکەوێت.