بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە شەوی ڕابردوو ٢٥ی سەرماوەز / ١٢.١٦ەوە، پۆلێک کۆڵبەر لە دەربەندی “تەتە”ی هەورامان لە بەفر و بۆران دا ماونەتەوە، ئەمڕۆ دانیشتووانی ئە ناوچەیە تەرمی یەک لەو کۆڵبەرانە بەناوی “ئازاد خوسرەوی”یان دۆزیوەتەوە و کۆڵبەرەکانی دیکە هەروا بێ سەروشوێنن.

دەگوترێت کە برای ئەو کۆڵبەرە بەناوی “فەرهاد خوسرەوی”ش کە تەنیا ١٤ ساڵ تەمەنیەتی یەک لەو کۆڵبەرە بێ سەروشوێنانەیە. ئەو دوو برایە خەڵکی گوندی “نێ”ی سەربە مەریوانن.

جێگەی ئاماژەیە کە تەرمی ئازاد خوسرەوی پاش ئەوەی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە بۆ مەریوان  بەڕێکراوە.

لە ئێستادا دانیشتووانی ناوچەی هەورامان بەدوای کۆڵبەرە بێ سەروشوێنەکاندا دەگەڕێن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسەوارێکیان لێ نەبینیون.

بەگوێڕەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە بۆ ئێستا بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژران و ٥ی دیکەش برینداربوون. هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی برینداربووە و کۆڵبەرێکیش پاش مانەوە لە بەفر و بۆراندا گیانی لەدەستداوە.