والی دورودی

هاوڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران

دەستبەسەرکران: جۆزەردانی ١٣٧٥ / ١٩٩٦.٠٦

سزا: ٢٥ ساڵ بەندکران

تۆمەت: دژایەتیکردنی خودا (محاربە)

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی کراوەی ئەبەرکوهی یەزد

والی دورودی، چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی کامێران لە مانگی جۆزەردانی ١٣٧٥ / ١٩٩٦.٠٦ لە میانەی تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و “حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” دەستبەسەرکرا.

ئەو هاوڵاتییە کوردە پاش دەستبەسەرکرانی بەهۆی پێداگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان بەڕێکرا. پاشان لەلایەن دادگای شۆڕسی ئیسلامی کرماشانەوە بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا (محاربە)” بە بەندکرانی تاهەتایی و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەبەرکوهی یەزد سزادرا.

ناوبراو پاش تێپەڕکردنی ١٠ ساڵ بەندکران لە بەندیخانی دیزڵ ئاوای کرماشان بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٠ / ٢٠١١.١٢ لەگەڵ ٨ بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی یەزددا بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە جیانەکردنەوەی بەندکراوە سیاسییەکان لە بەندکراوانی دیکە دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن. ناوبراو لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٣ / ٢٠١٥.٠١ دا بۆ یەکەم جار پاش ١٨ ساڵ بەندکران مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی درایە.

کۆمیسیۆنی لێبوردنی دەزگای دادی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ / ٢٠١٧دا داواکاریی والی دورودی بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی لە بەندکرانی تاهەتاییەوە بۆ ٢٥ ساڵ بەندکرانی پەسندکرد. ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ئێستادا ٢٤ەمین ساڵی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی کراوەی ئەبەرکوهی یەزددا تێپەڕدەکات.

جێگەی ئاماژەیە کە والی دورودی یەکێکە لە بەندکراوە سیاسییەکانی ٦٠ەکان/ ٨٠کانی ئێران کە لە ساڵی ١٣٧٢ / ١٩٩٣ پاش کۆتاییهاتنی سزای بندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازادکرابوو.