بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “چەنگیز قەدەم‌خێر”، بەندکراوی سیاسیی کورد کە هەشتمەین ساڵ لە ماوەی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی شاری مەسجد سولەیمان تێپەڕدەکات، لە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز / ١٢.١١ ەوە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “گورچیلەی چەنگیز قەدەم‌خێر لە چەند ساڵی ڕابردووەوە چڵکی کردووە و لەم ماوەیەی ڕابردوودا تووشی خوێنەبربوون بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان نە خۆیان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرییەکە دەنێن و نە مۆڵەتی چوونە دەرەوەی پێدەدەن بۆ ئەوەی بنەماڵەکەی بە دەرمانەکەی ڕابگەن”.

ئەو سەرچاوەیە زیادیشی کرد: “لەکاتی دەستبەسەرکردنی چەنگیزدا گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتبوو و هەر ئەوەش بووە هۆی لەدەستدانی ئەو گورچییلەیەی. ئەو گولـلە تاوەکو ئێستا لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و دەرنەهێنراوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو بەندکراوە سیاسییە پاش مانگرتنەکەی گوازراوەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان و لەو کاتەوە هیچ پەیونەدییەکان بە بنەماڵەکەیوە نەکردووە.

محەمەد حسێن ڕەزایی کە لەگەڵ چەنگیز قەدەم‌خێڕ دەستبەسەرکرابوو و ئێستا دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە سەبارەت بە دۆسییەی ئەو بەندکراوە سیاسییەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “من، چەنگیز و سێ کەسی دیکە شەوی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٠ / ٢٠١١.٠٦.٠٤ لەسەر پردێکی نزیک بە گوندی پاڵنگانی سەربە کامێران کەوتینی بۆسەی هێزەکانی گروپی ‘زەربەت’ی شارەکانی سەوڵئاوا و کامێرانەوە، شەڕ و تێکهەڵچوونێک لە نێوانماندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا یەک لە هاوڕێکانمان گیانی لە دەستدا  و ئەوانی دیکەسمان بریندار و پاش دەستبەسەرکراین”.

ناوبراو لە بەردەوامیدا گوتی: “پاش دەستبەسەرکران جیایان کردینەوە و بردیانین بۆ دەستبەسەرگەی شەهرام فەری ئیتلاعاتی سپای سنە. دواتر ئاگادار بووم کە گولـلەیەک بەر گورچیلەی چەنگیز کەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا نە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا و نە دواتریش چارەسەریی پزیشکییان بۆ نەکرد. ئەو گولـلەیە هەر وا لە گورچیلەیدا مایەوە وایکرد ئەو گورچیلەیە بەتەواوی لەکار بکەوێت. دواتر هەموومانیان بەجیا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، چەنگیز قەدەم‌خێڕ لە رێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٠ / ٢٠١٢.٠٢.٠٨ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازراوەتەوە. دانیشتنی دادگاکەشیان لە مانگی خەرمانانی ١٣٩١ / ٢٠١٢.٠٩ لە لقی یەکی دادگای شۆڕسی سنە بە سەرکایەتی دادوەر “حەسەن بابایی” بەڕێوەجووە.

دادگای شۆڕشی سنە لە ئەنجامدا، چەنگیز قەدەم‌خێڕی بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا (محاربە) لەڕێگەی ئەندامبوونی کۆمەڵە” بە ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی منەسجد سەلەیمان سزادا. سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوانە تانەیان لەو سزایە دا، بەڵام هەرگیز وەڵامی تانەکەیان نەدرایەوە. چەنگیز قەدەم‌خێڕ لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢دا / ٢٠١٣.٠٤ لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان گوازرایەوە.