بەگوێرەی زانیاریەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی سەرماوەز / ١٢.١٤، ژنێکی گەنج لە گوندی “کارێزە”ی سەقز بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. ناسنامەی ئەو ژنە “مەهتاب. ن”، تەمەن ٣٢ ساڵ و دایکی کچێکی تەمەن ١٢ ساڵان ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو ژنە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردو تەرمی هەڵوەسراوی مەهتابیان لە ماڵەکەیدا دۆزییەوە”. سەبارەت بە ئەگەری کوژرانی ئەو ژنەش گوتی: “هەرچەند هاوسەرەکەی گوتویەتی کە مەهتاب خۆی کوشتووە، بەڵام ئاسەواری لێدان و سووتان بەسەر جەستەیەوە دیاربووە. ئەوەش ئەگەری کوژرانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە زیاتر دەکات”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، مەهتاب لە ماوەی ١٣ ساڵ ژیانی هاوبەشیدا، چەندین جار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە هەڵسوکەوتی توندوتیژی لەگەڵ کراوە و لێیدراوە. 

جێگەی ئاماژەیە کە تەرمی ئەو ژنە لە ئێستادا گوارزاوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سەقز و هاوسەرەکەشی تا زانیاری دواتر دەستبەسەرکراوە.