تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە “بورهان کەمانگەر“، ئەندامی کۆڕی میوزیکی “کۆرال”ی شاری کامێران لەلایەن لقی یەکی دادهای شۆڕشی ئیسلامی سنە بەسەرۆکایەتیی “دادوەر سەعیدی” بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادراوە.

دانیشتنی دادگای بورهان کەمانگەر ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەر / ١١.٠٢ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بەڕێووەچووبوو و ئەمڕۆ ٢٣ی سەرماوەز سزاکەی بەفەرمی پێڕاگەیەندراوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە خوشکەزای “حسێن کەمانگەر“، چالاکوانی دەستبەسەرکراوی کوردە و لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژدا / ٠٨.٠٦ لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی چالاکوانانی مەدەنی کامێران دەستبەسەرکرابوو.

هێزە ئەمنییەکان لەو ڕۆژەدا هەڵیانکوتابووە سەر دوکانی مۆبایل فرۆشیی ئەو هونەرمەندە کوردە و پاش پشکنینی دوکانەکە دەستبەسەریان کردبوو. پاشان چووبوون ماڵەکەیان پشکنیبوو دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلیی شەخسییدا گرتبوو.

ناوبراو ڕۆژی ١ی ڕەزبەر / ٠٩.٢٣ پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی کامێران بەڕێکرابوو و لە ئەنجامدا ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەر / ١٠.١٢ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.