بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “عیرفان ڕەشیدی“، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران  و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات سزادرابوو لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشاندا بێبەریکرا.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لقی ١٨ی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان، بەهۆی تەواونەبوونی بەڵگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەلماندنی تۆمەتی بانگەشەی دژی کۆماری ئیسلامی، عیرفان ڕەشیدیی بێبەری کرد”.

پێشتر لقی ٥ی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی “دادوەر تاری وێردی”، ئەو چالاکوانە کوردەی بەهۆی قسەکردن لەگەڵ تەلەفزیۆنێکی کوردیی دەرەوەی وڵات بە بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کردبوو و سەرەڕای سەپاندنی سزای ساڵێک بەندکران مافی چوونەدەرە لە وڵاتی لێ زەوتکردبوو. هەروەها لەو دادگایەدا بڕیاردرابوو کە ئەو چالاکوانە کوردە دەبێت هەر سێ مانگ جارێک بچێتە ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە و سەبارەت بە چالاکییەکانی وتە بدات. ناوبراو لە دانیشتنی دادگاکەدا ئەو تۆمەتەی ڕەتکردبووەوە.

جێگەی ئاماژەیە هێزە ئەمنییەکان شەوی ١٤ی پوشپەڕی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٨.٠٧.٠٥ بە بێ مۆڵەتی دەزگای دادوەری هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو چالاکوانە مەدەنییە و پاش پشکنینی ماڵەکە دەستبەسەریان کردبوو. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژیوا” پاش ٨ رۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

عیرفان رەشیدی، چالاکوانێكی ناسراوی بواری ژینگەیە و لە ساڵانی رابردوو رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی هەورامان. هەروەها ئەم چالاکوانە مەدەنییە پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان بۆ ماوەی چەندین مانگ یارمەتی خەڵکە لێقەوماوەکەی سەرپێڵی زەهاو و ناوەچەکانی دیکە داوە.