چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی دێولان بەناوی “سابر قادری” ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەز / ١٢.٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە. هاوکات “سیروان ڕەحیمی” چالاکوانێکی مەدەنیی دیکەی خەڵکی دێولان پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانەکەی هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “سابر قادری” و پاش پشکنینی ماڵەکە ئەو چالاکوانە مەدەنییەیان دەستبەسەرکردووە و بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەگوترێت ئەو چالاکوانە مەدەنییە کە هاوکات ئەندامی “کۆمەڵەی شەیدای سەوزی لەیلاخ”یشە پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٣ / ٢٠١٤.١٠، لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتگیریکردنی بەرخۆدانی کۆبانێ دەستبەسەرکرابوو.

هەروەها بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، “سیروان ڕەحیمی”، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی “ئەنجومەنی چیای سەوزی لەیلاخ” هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر / ٠٩.٢٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێولان دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ناوبراو لەم ماوەیەدا تەنیا دوو جار ڕێگەی پێدراوە پەیوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.

سیروان ڕەحیمی پێشتر لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ / ٢٠١٧.٠٩ بۆ ماوەی ٦ مانگ دەستبەسەرکرابوو. ئەوسا، ناوەندە ئەمنییەکان “هاوکاریکردن لەگەڵ یەک لە حزبە کوردستانییەکان”یان وەک هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکوانە مەدەنییە کوردە ڕاگەیاندبوو.