بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “کەماڵ حەسەن ڕەمەزان“، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە ڕۆژی ١٢ی سەرماوەز / ١٢.٠٣ ەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ گوزرابووە، ئەمڕۆ ١٢.١٢ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لەو ماوەیەدا سەبارەت بە پرسەکانی ناوخۆی بەندیخانەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. ناوبراو پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر / ١١.٢١ برابوو بۆ دەستبەرەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو.

کەماڵ حەسەن رەمەزان پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٦.١٢ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە رەشەمەی ساڵی  ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، لە سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی/٢٠١٧.١٢ بۆ ماوەی حەوت رۆژ، لە گەلاوێژی ١٣٩٧/ ٢٠١٨.٠٨ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە جۆزەردانی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٦ بۆ ماوەی هەفتەیەک، لە خەرمانانی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٩ بۆ ماوەی هەفتەیەک، لە مانگی خەزەڵوەردا / ٢٠١٩.١١ بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ و لە سەرەتای مانگی سەرماوەزیشدا / ٢٠١٩.١١ بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوازرابووەوە. بە پێی زانیارییەکان ئەم فشارانە بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی کردنەوەی دۆسییەی نوێ و وەرگرتنی وتە و دانپێدانانی ساختەوە بووە.

کەماڵ حەسەن رەمەزان تەمەنی ٣٣ ساڵە و خەڵکی سەرێکانی کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) یە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شەشی خەرمانان ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤.٠٨.٢٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.٠٧ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)” بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرا. پاشان ئەم سزایە بە پێی یاسایەک بەناوی “رازی بوون بە بڕیاری دادگا” بۆ ماوەی حەوت ساڵ کەم کرایەوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەرەڕای ئەوەیکە سزاکەی یەکلایی ببووەوە ٨ جار بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ هەتاوی/ ٢٠١١، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

کەماڵ حەسەن رەمەزان مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٥ لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ورمێوە بانگ کرا و بە رەسمی سزای سێدارەی پێڕاگەیەنرا. ئەم سزایە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی/ ٢٠١١.١١ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشەوە بە غیابی بۆ کەسێک بە ناوی “کەمالە سور” دەرکرابوو، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ئەم سزایەی بەسەر کەمال حەسەن رەمەزاندا سەپاند و وەک تاوانبار ناساندی، لە کاتێکدا کە تەنیا پەیوەندی ئەم دوو کەسە لێکچوونی ناوەکانیان بووە.