“ئارمان ئەمامی”، تەمەن ٣٥ ساڵ، باوکی منداڵێکی ساوا و خەڵکی گوندی “بوانە”ی سەربە کامێرانە. ئەو کاسبکارە کوردە نزیکەی ٤ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەمەدانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە سێ شوێنەوە برینداربوو. لەو ڕووداوەدا گولـلەیەک بەر دڕکەپەتکی کەوت و توانای جوڵانی لەدەست دا. ناوبراو لە ئێستادا لە ڕەوشێکی نالەباردا بەسەردەبات و بۆ دابینکردنی خەرجی نەشتەرگەری و چاودێری پزشکی پێویستیی بە هاوکاریی خەڵک هەیە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە وردەکاریی ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و ڕەوشی ئێستای ئارمامی ئەمانی قسەی لەگەڵ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: “ئارمان ئەمامی لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ١٣٩٤ / ٢٠١٥.٠٥.٠٩، لە کاتێکدا بەرەو ساڵح‌ئاوای هەمەدان بەڕێووە بوو لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و سێ فیشەکی بەرکەوت. یەک لەو فیشەکانە بەر دڕکەپەتکی کەوت و وایکرد توانی جوڵانی لەدەست بدات”.

وێنەیەکی ئارمان ئەمامی لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەمەدان

ئەو سەرچاوەیە لە ەبردەوامیدا گوتی کە ناوبراو پاش ئەو ڕووداوە بۆ نەخۆشخانەیەکی هەمەدان بەڕێکراوە و پاش ٢٤ کاتژمێر لەکاتێکدا هێشتا گولـلەیەک لە جەستەیدا مابوو، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئارمان ئەمامی بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لە بەندیخانەدا ماوەتەوە، پاشان تووشی نەخۆشیی “برینی جێگە” بووە و دیسانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. سەرەنجام پاش ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ کراوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازادکراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا ئاماژەی بەوە دا کە دەست بەسەر بارەکانی ئەو کاسبکارە کوردەدا گیراوە و گوتی: “ئارمان ئەمامی لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە سکاڵایەکی لەدژی ئەو سەربازەی تەقەی لێکردبوو تۆمارکرد، بەڵام دادگا سەربازەکەی بێبەری کرد و بەڕێز ئەمانیی بە تاوانباری تەقەکردنەکە ناساند”.

هەروەها لەسەر زاری پزشکەکانەوە گوتی کە ئارمان ئەمامی تەنیا لە حاڵەتێکدا چاک دەبێتەوە کە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەکەی توانای دابینکردنی خەرجە سەرەتاییەکانی دەرمانەکانیشییان نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا جەختیکردەوە سەر هەژاریی بنەماڵەی ئەمانی و داوای لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کرد کە بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو بنەماڵەیە، یارمەتیەکانی خۆیان بۆ ئەم ژمارە حسابە بنێرن: